
یاریگا –
دیدێ دیشامپ پاڵێوراوە بۆ وەرگرتنی پۆستی راهێنەرایەتی ریال مەدرید لە وەرزی داهاتوو.
بەگوێرەی نوێترین هەواڵ، رۆژنامەنووسی ناودار و باوەڕپێکراو، فابریس هاوکینس بڵاویکردووەتەوە، یانەی ریال مەدرید ناوی دیدێ دیشامپ، راهێنەری ئێستای هەڵبژاردەی فەرەنسای خستووەتە لیستی کورتکراوەی ئەو پاڵێوراوانەی کە بڕیارە بۆ وەرزی داهاتوو پۆستی راهێنەرایەتی یانەکە وەربگرن.
🚨 INFO RMC SPORT – Didier Deschamps dans la short list du Real Madrid pour la saison prochaine.https://t.co/mL9uAeo9YJ@FabriceHawkins pic.twitter.com/A3yN9kMOsy
— RMC Sport (@RMCsport) April 10, 2026
رۆژنامەنووسە فەڕەنسییەکە بە چەند هۆکارێک هۆکاری هەڵبژاردنی دیشامپ لەلایەن فلۆرێنتینۆ پێرێز، دەخاتەڕوو؛
بۆچی دیشامپ؟ سێ هۆکاری سەرەکی؛
- بەڕێوەبردنی کەسایەتییەکان؛ دیشامپ شارەزایە لە کۆنتڕۆڵکردنی ژووری جلگۆڕین و مامەڵەکردن لەگەڵ خۆبەگەورەزانینی یاریزانە گەورەکان، کە ئەمە مەرجێکی سەرەکی فلۆرێنتینۆ پێرێزە.
2. کەسایەتی سەرکەوتوو؛ مێژووەکەی لەگەڵ مۆناکۆ، یوڤێنتوس، مارسیلیا و نازناوی مۆندیالی 2018، وای لێدەکات ببێتە پیاوی نازناوەکان.
3. پەیوەندی لەگەڵ فەرەنسییەکان؛ دیشامپ پەیوەندییەکی زۆر نزیکی لەگەڵ ئەستێرە سەرەکییەکانی مەدرید هەیە، بەتایبەت کیلیان ئێمباپێ و ئۆرێلیەن چوامینی، جگە لەوەی بە باشی بە زمانی ئیسپانی قسە دەکات.
داهاتووی ئاربێلۆ بەستراوەتەوە بە ئەنجامی یارییەکەی بایرن میونشن لە چامپیۆنزلیگ، و شکست لەو یارییەدا رەنگە رێگەکە بۆ هاتنی جەنەڕاڵە فەرەنسییەکە کورتتر بکاتەوە.
ئەم هەواڵە لە کاتێکدایە کە دەنگۆی زۆر لەسەر پۆستی راهێنەری وەرزی داهاتووی ریال مەدرید هەیە و کارگێڕیی یانەکە دەیەوێت پڕۆژەیەکی نوێ دەستپێبکات و دیشامپ، کە خاوەنی ئەزموونێکی زۆرە و مێژوویەکی پڕ لە نازناوی لەگەڵ کەڵەشێرەکان هەیە، وەکوو بژاردەیەکی بەهێز دەبینرێت بۆ سەرکردایەتیکردنی ئەستێرە فەرەنسییەکانی ناو ریال مەدرید، لە سەروو هەمووشیانەوە کیلیان ئێمباپێ.
دیشامپ کە لە ساڵی 2012ـەوە راهێنەری فەرەنسایە، بەگوێرەی سەرچاوە میدیاییەکان مۆندیالی 2026 دوا وێستگەیەتی لەگەڵ هەڵبژاردەکەی و زینەدین زێدان، ئەفسانەی تۆپی پێی فەرەنسا جێگای دەگرێتەوە، بۆیە ریال مەدرید دەیەوێت لە ئێستاوە ئامادەکاریی بکات تاوەکوو راهێنەرە فەڕەنسییەکە بباتە قەڵای بێرنابیۆ.



