
یاریگا –
بەگوێرەی سەرچاوەکان یوڤێنتوس و لوچیانۆ سپالێتی بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستی نێوانیان تاوەکوو هاوینی 2028 گەیشتوونەتە رێککەوتن.
چەند هەفتەیەکە بابەتی نوێکردنەوەی گرێبەستی سپالێتی بابەتێکی گەرمی میدیاکانی ئیتاڵیایە، ئێستاش رۆژنامەنووسی ناوداری ئیتاڵی، ماتیۆ مۆریتۆ رایگەیاند کە هەردوولا گەیشتوونەتە رێککەوتن و تاوەکوو 2028 گرێبەستی نێوانیان نوێ دەکەنەوە.
È tutto fatto per il rinnovo di Luciano Spalletti con la Juventus fino al 2028.
Tutte le novità di mercato qui https://t.co/Yvbq2iZBhF pic.twitter.com/YzZu0bXdvg
— Matteo Moretto (@MatteMoretto) April 9, 2026
هەر بە گوێرەی سەرچاوە ئیتاڵییەکان، پێشبینی دەکرێت سپالێتی ساڵانە مووچەی پێنج ملیۆن یۆرۆ وەربگرێت و بە پاداشتەکانەوە بۆ شەش ملیۆن بەرزبێتەوە، ئەمەش دەیکاتە یەکێکە لەو راهێنەرانەی کە لە سێریا ئا زۆرترین مووچە وەردەگرن.
سەرچاوەکان ئاماژەش بەوە دەکەن کە پێشبینی دەکرێت لە 24 کاتژمێری داهاتوودا و بە ئەگەری زۆرەوە لە رۆژی هەیینی، یانەکە بە فەرمی نوێکردنەوەی گرێبەستی راهێنەرەکەی رابگەیەنێت.
راهێنەرە 67 ساڵییەکە لە کۆتاییەکانی مانگی تشریینی یەکەم/ئۆکتۆبەر وەکوو جێگرەوەی ئیگۆ تودۆر دەستنیشانکرا، کە ئەوەی دووەمیان بەهۆی ئەنجامە خراپەکانی سەرەتایی وەرزییەوە لە راهێنەرایەتی خانمەپیرەکە دوورخرایەوە.



