ئه‌مریکاگرنگترین

بە کحول خۆم لەناوبرد؛ ئەستێرەیەکی پێشووی ریال مەدرید باسی ریکۆردێکی خۆی دەکات

بە سەرخۆشی راهێنانم دەکرد

Yariga App

یاریگا –

ئەستێرەکەی ریال مەدرید روونی کردەوە کە پەیوەندییەکەی لەگەڵ کحول زۆر زوو و لە تەمەنێکی منداڵیدا دەستی پێکرد:

سیسینیۆ، یاریزانی پێشووی تۆپی پێ و یانەکانی ساوپاولۆ، ریال مەدرید، رۆما و ڤیاڕیال، چاوپێکەوتنێکی زۆر کاریگەری لەگەڵ رۆژنامەی لاگازێتا دێلۆ سپۆرت کرد، لەوێدا باسی لە ساڵانی ئاڵودەبوونی بە کحول، زیادەڕۆییەکانی لە ماوەی کارکردنی لە ئەوروپا و ژیانی نوێی خۆی وەکوو قەشەیەکی ئینجیلی کرد.

بەرگریکارەکەی پێشووی هەڵبژاردەی بەڕازیل دانی بەوەدانا و گوتی: “خۆم بە کحول لەناو برد، لە تەمەنی 13 ساڵیدا تاقیکردنەوەی بیرەم کرد و وەکوو ئەوەی ئافرەتێک بێت خۆشم ویست”. ئاشکراشی کرد کە جارێکیان کاتێک لە یانەی رۆما یاریی دەکرد، لە یەک رۆژدا 70 بیرە و 15 کایپیرینیای (جۆرێک خواردنەوەی بەڕازیلییە) خواردووەتەوە.
سیسینیۆ روونی کردەوە کە هەرچەندە کاروانی وەرزشییەکەی گەشەی دەکرد و پارەی زیاتری بەدەست دەهێنا، خواردنەوەکەشی زیاتر دەبوو:

من بەو شێوەیە لە تۆپی پێدا دەژیام: دەمویست بگەمە لووتکە، پارەیەکی زۆر بەدەست بهێنم و کاتێکی خۆش بەسەر بەرم.

یاریزانە بەرازیلییەکە بە تایبەتی باسی لە ماوەی یاریکردنی لە ریال مەدرید کرد، کە تێیدا ئاهەنگە تایبەتییەکانی بەردەوام بوون. سەبارەت بە گەیشتنی بە یانە ئیسپانییەکە گوتی:

بەخۆمم گوت؛ تەواو، ئێستا دەتوانم بۆ هەمیشە ئاهەنگ بگێڕم.

هەروەها ئاشکرای کرد کە هەندێکجار دەچووە مەشق و راهێنانەکان، لە کاتێکدا هێشتا لەژێر کاریگەری کحولدا بووە و گوتی: “کاتژمێر 4ـی بەیانی دەخەوتم و کاتژمێر 8 بە سەرخۆشی راهێنانم دەکرد”. تەنانەت بانگەشەی ئەوەی کرد کە فابیۆ کاپێلۆ هەرگیز گومانی لە هیچ شتێک نەکردووە چونکە لەنێو یاریگادا ئاستێکی باشی پێشکەش دەکرد.

لە کاتی چاوپێکەوتنەکەدا، پەیوەندی تاتۆکانی بە ئاڵودەبوونەکەی بەستەوە و گوتی: “لە کاتی سەرخۆشیدا تاتۆم دەکرد چونکە لە دەرزی دەترسام و نەمدەویست ئازار بچێژم.” لە کۆی 33 تاتۆی لەشی، ئاماژەی بەوە کرد کە تەنیا 8 تاتۆی لە کاتی بەئاگابوونی کردوون.

قۆناخی رۆما و دەستپێکردنی خەمۆکی

سەبارەت بە چوونی بۆ یانەی رۆما لە ساڵی 2007، سیسینیۆ گوتی پەیوەندییەکی ڤیدیۆیی لەگەڵ فرانسیسکۆ تۆتی، رۆڵێکی سەرەکی هەبووە و کاپتنەکەی رۆما پێی گوتووە: “گالاکتیکۆسە راستەقینەکان ئێمەین، وەرە ئێرە.”

هەرچەندە ئەو لەژێر سەرپەرشتی لوچیانۆ سپالێتیدا بە باشی دەستی پێکرد، بەڵام پێکانی ئەژنۆی لە 2009 بووە هۆی سەرلەنوێ گەڕانەوەی بۆ نێو کێشەکە بە شێوەیەکی قووڵتر و دەڵێت: “لەو کاتەدا درکم بەوە کرد کە بەدەست خەمۆکییەوە دەناڵێنم، هەرچەندە نەمدەویست دانی پێدا بنێم.”
سیسینیۆ هەروەها چەند چیرۆکێکی نێو ژووری خۆگۆڕینی رۆمای گێرایەوە، باسی ئەوەی کرد چۆن بڕونۆ کۆنتی بەردەوام هەوڵی دەدا یارمەتی بدات و گوتی: “بڕونۆ کۆنی هەمیشە پێی دەگوتم ئاهەنگی کەمتر و راهێنانی زیاتر.”

ژیانی نوێ وەک قەشە

ئێستا لە تەمەنی 45 ساڵیدا، سیسینیۆ ئەو ژیانەی بە تەواوی لەبیرکردووە و دەڵێت: “بۆ ماوەی 14 ساڵە کحولم نەخواردووەتەوە”. ئێستا لە ساوپاولۆ دەژیت، وەکوو شرۆڤەکاری تەلەفزیۆنیی کار دەکات و 10 مانگ لەمەوبەر وەکوو قەشەیەکی ئینجیلیی، رێچکەیەکی نوێی گرت و دەڵێت: “زۆر باوەڕم بە خوا هەیە، ئەو یارمەتیت دەدات خۆت لە خراپە پاک بکەیتەوە.”

لە کۆتاییشدا سیسینۆ دانی بەوەدانا کە پاڵپشتی هاوسەرەکەی بۆ چاکبوونەوەی زۆر گرنگ و سەرەکی بووە، گوتیشی: “ئەو منی رزگار کرد.”

بابەتی زیاتر

Back to top button