ئاسیاسعوودیەگرنگترین

پاشای چوار کیشوەرەکە؛ رۆناڵدۆ بە بردنەوەی خولی سعوودی مێژوویەکی نوێ دەنووسێتەوە

1000 گۆڵەکە و مۆندیال ئامانجی داهاتوون

Yariga App

یاریگا –

کریستیانۆ فۆناڵدۆ جارێکی دیکە مێژووی نووسییەوە و ئەم جارە لەگەڵ یانەی نەسڕ تاجی پاڵەوانی خولی رۆشەنی سعوودیەی لەسەرنا.

دواجار، دۆن کۆتایی بەو نەفرەتە هێنا کە لەگەڵ یانەکەی دووچاری بووبوو؛ پاش چەند وەرزێک لە سعوودیە و دۆڕانی لە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگی ئاسیا 2، یەکەم نازناوی گەورەی لە کیشوەری ئاسیادا مسۆگەر کرد، ئەویش بە دوو گۆڵی نایاب لە یاریی یەکلاییکەرەوەدا؛ گۆڵێک بە لێدانی راستەوخۆ و گۆڵێکی دیکەش بۆ دڵنیاییدان لە بردنەوەکە.

رۆژنامەی مارکا نووسیەتی، کریستیانۆ تاکە یاریزانە لە چوار وڵاتی جیاواز ببێتە گۆڵکاری خولەکە؛ ئینگڵتەرا، ئیسپانیا، ئیتاڵیا و سعوودیە.

‘پۆکەری دووانە’ـیەک کە وای لێدەکات بێوێنە بێت
هەرچەندە ئەمساڵ کریستیانۆ نەیتوانی ببێتە گۆڵکاری خولەکە، بەڵام پێشتر لە سعوودیە ئەو نازناوەی بردووەتەوە. ئێستا، بە بردنەوەی نازناوی خولەکە، گەورەییەکەی رۆناڵدۆ وەکوو دڕندەیەکی رکابەریی تێرنەخۆر دەردەکەوێت و دەبێتە خاوەنی تۆمارێکی بێوێنە کە پێی دەگوترێت ‘پۆکەری دووانە’؛ حوکمڕانیکردن لە چوار وڵاتی جیاواز وەکوو پاڵەوان و گۆڵکار.

رۆناڵدۆ بە سەرکەوتوویی بە ئینگلتەرا، ئیسپانیا، ئیتاڵیا و سعوودیەدا تێپەڕیوە. لەگەڵ یانەکانی مانچێستەر یونایتد، ریال مەدرید، یوڤێنتوس و ئێستاش نەسڕ مێژووی دروستکردووە. لە هەموو ئەم یانانەدا نازناوی کەسی و بەکۆمەڵی بردووەتەوە، بە جۆرێک بووەتە تاکە یاریزان لە مێژوودا کە چوار خولی نایابی جیاواز بباتەوە و لە سەردەمی یاریکردنیشیدا لەو خولانەدا بوبێتە گۆڵکاری یەکەم. ئەمە تۆمارێکە کە پێشبینی دەکرێت شکاندنی زۆر قورس بێت.

وێستگەی داهاتوو: 100 گۆڵەکە و خەونی مۆندیال
رۆژنامە مەدرییەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو، دوای بەرزکردنەوەی یەکەم نازناوی گەورە لە ئاسمانی سعوودیە، ئێستا ئامانجی رۆناڵدۆ گۆڕاوە بۆ ژمارەیەکی پێوانەیی کە تاوەکوو ئێستا هیچ مرۆڤێک پێی نەگەیشتووە. ئەستێرە پۆرتوگالییەکە کە تاوەکوو ئێستا 974 گۆڵی لە کاروانی وەرزشیدا هەیە، دەیەوێت بگاتە 1000 گۆڵ. هەرچەندە پێویستە وەرزێکی دیکەش چاوەڕێبکەین بۆ ئەوەی ئەم دەستکەوتە ببینین، بەڵام بۆ زۆرێک، رۆناڵدۆ هێشتا پێویستی بە بەرزکردنەوەی جامی جیهانی هەیە بۆ ئەوەی بۆ هەمیشە وەکوو باشترین یاریزانی مێژوو بناسرێت.

ڕۆناڵدۆ دەربارەی ئامانجەکەی دەڵێت؛

دەمەوێت بگەمە ئەو ژمارەیەی کە هەمووان دەیزانن و دڵنیام پێی دەگەم ئەگەر دووچاری پێکان نەبم.

ئامارەکانی رۆناڵدۆ تۆقێنەرن؛ 451 گۆڵ لە 438 یاریی فەرمی لەگەڵ ریال مەدرید سەلمێنەری ئەوەن کە ئەو بۆ گۆڵکردن لەدایکبووە. جگە لە سپۆرتینگ [5 گۆڵ]، لە سەرجەم یانەکانی دیکەیدا زیاتر لە 100 گۆڵی کردووە: مانچێستەر یونایتد [145]، یۆڤێنتۆس [101]، نەسڕ [129] و هەڵبژاردەی پۆرتوگال [143].

بابەتی زیاتر

Back to top button