
یاریگا –
هەرچەندە هێشتا بە فەرمی رانەگەیەندراوە، بەڵام جیهانی تۆپی پێ خۆی بۆ گەورەترین ماڵئاوایی نێوان راهێنەر و یانەیەک ئامادە کردووە؛ پێپ گواردیۆلا، لەم هاوینە کۆتایی بە کاروانە مێژووییەکەی لەگەڵ مانچێستەر سیتی دەهێنێت.
رۆژنامەی سپۆرت بڵاویکردووەتەوە، گەڕانەوەی گواردیۆلا بۆ بازاڕی فاهێنەران، بووەتە هۆی دروستبوونی کێبڕکێیەکی شێتانە لە نێوان فیدراسیۆن و یانە گەورەکاندا.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامە کاتالوونییەکە، یانەکانی خولی سعوودی بۆ گواستنەوەی پێپ گواردیۆلا هاتوونەتە سەر هێڵ و دەستەوارەیەکی خەیاڵییان پێشکەش کردووە.
🔴𝐍𝐨𝐭𝐢𝐜𝐢𝐚 𝐒𝐏𝐎𝐑𝐓 | Guardiola agita el mercado:
🇸🇦 Arabia le ofrece una fortuna, pero ya tiene decidido su primer paso
✍️ @AlexCalaff https://t.co/ICPAaukLDz
— Diario SPORT (@sport) May 21, 2026
سعوودییەکان بە هێزێکی دارایی تۆقێنەرەوە هێرشیان هێناوە؛ ئەوان دەستەوارەیەکی خەیاڵییان خستووەتە سەر مێزی گواردیۆلا کە نرخەکەی لە نێوان 80بۆ 90 ملیۆن یۆرۆیە بۆ هەر وەرزێک [بە ئەژمارکردنی مووچە و پاداشت]. لە هەمان کاتدا، فیدراسیۆنی تۆپی پێی مەغریبیش بە چڕی چاودێری دۆخەکە دەکات و دەیەوێت بە گواستنەوەی پێپ، بازدانێکی مێژوویی بەسەر هێزی شێرەکانی ئەتڵەسدا بهێنێت لەسەر ئاستی جیهان.
جیا لەوانە،لەسەر ئاستی یانەکانیش، لە خولی ئیتاڵیاوە هەردوو جەمسەری گەورە، ئەیسی میلان و یۆڤێنتۆس، خەون بە گواستنەوەی پیاوە مێژووییەکەی مەنچستەر سیتییەوە دەبینن تاوەکوو جارێکی دیکە لە نێو ئەوروپا شکۆ بگەڕێننەوە بۆ ئیتاڵیا.
هەمان سەرچاوە ئەوەشی ئاشکرا کردووە، سەرەڕای ئەو لافاوە لە پارە و پێشنیازی سەرنجڕاکێش، گواردیۆلا پێشوەختە هەنگاوی داهاتووی خۆی دیاریکردووە و پلان بۆ هیچ سەرکێشییەکی خێرا ناکات؛ پێپ بڕیاریداوە بۆ ماوەی ساڵێک بە تەواوی لە تۆپی پێ و زوومی کامێراکان دوور بکەوێتەوە و ساڵێکی پشوو وەربگرێت، پاش ململانێ و فشاری دە ساڵەی پرێمەرلیگ، پیاوە کاتالوونییەکە تەنیا دەیەوێت وزەی خۆی کۆبکاتەوە، پشوو بدات، چاوەڕێی سات و پڕۆژەیەکی گونجاو بکات کە لە داهاتوودا هاندەری بێت بۆ گەڕانەوە.



