لێنارت کارڵ پەیامێکی هەڕەشەئامێز بۆ ریال مەدرید دەنێرێت
بەر لە جەنگی بێرنابیۆ؛ لێنارت کارڵ متمانەیەکی زۆر بە بایرن میونشن دەبەخشێت

یاریگا –
بەر لە رووبەڕووبوونەوەی بایرن میونشن و ریال مەدرید، لێنارت کارڵ، ئەستێرەی لاوی یانە ئەڵمانییەکە پەیامێکی ئاگرین و هەڕەشەئامێز بۆ یانەی ئیسپانییەکە دەنێرێت.
تەنیا چەند رۆژێک بەر لە رووبەڕووبوونەوە ئاگرینەکەی قۆناخی چارەکی کۆتایی چامپیۆنزلیگ بەرامبەر ریال مەدرید، یانەی بایرن میونشن ورەی خۆی گەیاندە لووتکە و توانییان سەرکەوتنێکی دراماتیکی بەرامبەر فرایبورگ لە بۆندسلیگا بەدەستبهێنن.
کارڵ؛ پاڵەوانی خولەکەکانی کۆتایی
بایرن میونشن تاوەکوو خولەکی 80 بە ئەنجامی 2-0 لە دواوە بوو، بەڵام تۆم بیشۆف بە دوو گۆڵی یەک لە دوای یەک لە خولەکەکانی 81 و 92 ئەنجامەکەی یەکسان کردەوە، لە خولەکی 99، لینارت کارڵی تەمەن 18 ساڵ توانی گۆڵی سەرکەوتن بکات و سێ خاڵی زێڕین بۆ تیمەکەی ڤینسێنت کۆمپانی مسۆگەر بکات.

پەیامێکی توند بۆ ریال مەدرید
دوای یارییەکە، لینارت کارڵ پەیامێکی هەڕەشەئامێزی ئاراستەی ریال مەدرید کرد و رایگەیاند؛
لە ژووری جلگۆڕیندا قسەمان لەسەر کردووە، ئەم سەرکەوتنە متمانەیەکی زۆری پێبەخشین. لەم ساتەدا هەست دەکەین دەتوانین لە هەموو تیپێک ببەینەوە.
ئەم لێدوانانە زەنگێکی مەترسین بۆ تیپەکەی ئالڤارۆ ئاربێلوا، لە کاتێکدا یانەکە لە لالیگا لە دۆخێکی سەختدایە و بە دۆڕانی بەرامبەر مایۆرکا 7 خاڵ کەوتە دوای بارسێلۆنا و دەبێت لە یاریگای خۆیاندا رووبەڕووی ئەم تیپە بەهێزەی بایرن ببنەوە.
کۆمپانی: ئەمە تامی تێکۆشانە
ڤینسێنت کۆمپانی، راهێنەری بایرن میونشن، ستایشی رۆحییەتی یاریزانەکانی کرد و گوتی؛
هەموو یارییەک بە ئەنجامی 3-0 و 4-0 نایبەیتەوە، پێویستە لە وەرزێکدا ئەم جۆرە هەست و سۆزانە ئەزموون بکەیت، چونکە بۆ رۆحییەتی تیمەکە زۆر گرنگە.



