ئیسپانیاگرنگترین

ئاربێلوا بێدەنگی دەشکێنێت؛ ئیسپانیا رەگەزپەرست نییە و ئێمباپێ هیچ کێشەیەکی نییە

"وەکوو وڵات پێویستە رووبەڕووی رەگەزپەرستی ببینەوە"

Yariga App

یاریگا –

لە نوێترین کۆنگرەی رۆژنامەوانیدا، ئالڤارۆ ئاربێلوا، راهێنەری یانەی ریال مەدرید، بە راشکاوی وەڵامی چەندین پرسیاری هەستیاری دەداتەوە.

لە پرسی رەگەزپەرستی لە یاریگاکانی ئیسپانیاوە تاوەکوو دەگاتە دەنگۆکانی سەبارەت بە پێکانەکەی کیلیان ئێمباپێ و دۆخی جود بێلینگهام، راهێنەرە ئیسپانییەکە هەڵوێستی فەرمیی خۆی و یانەکەی رادەگەیەنێت.

ئیسپانیا وڵاتێکی رەگەزپەرست نییە

لە وەڵامی ئەو رەخنانەی دوای رووداوەکەی بەرامبەر هەڵبژاردەی میسڕ و موسڵمانان، ئاراستەی تۆپی پێی ئیسپانیا دەکرێن، ئاربێلوا بەرگری لە وڵاتەکەی کرد، بەڵام جەختی لەسەر نەهێشتنی دیاردەکەش کردەوە.

پێم وانییە ئیسپانیا وڵاتێکی رەگەزپەرست بێت. ئەگەر وا بووایە، هەموو کۆتایی هەفتەیەک لە هەموو یاریگاکان، تووشی کێشەیەک دەبووین. ئەوە شتێکی روونە. ئێمە گوتاری خۆمان ناگۆڕین، هێشتا هەمان بۆچوونم هەیە؛ پێویستە هەموو جۆرە رەفتارێکی رەگەزپەرستی، لە نێو یاریگا و کۆمەڵگادا بنبڕ بکەین. ئەوە شتێکە کە لای من ناگۆڕێت و بەردەوام بەرگری لێ دەکەم و باوەڕم پێیەتی. کەسەکە هەرکێیەک بێت و لە هەرکوێیەک بێت. لەو روانگەیەوە… پێم وایە ئیسپانیا، وەکوو وڵاتێک، دەبێت بەردەوام لە هەوڵبدات ئەو جۆرە رەفتارانە کۆتایی پێ بهێنێت.

راستییەکانی پشت پێکانی کیلیان ئێمباپێ

دەربارەی ئەو زانیارییانەی باسیان لە دەستنیشانکردنی هەڵەی پزیشکی دەکرد بۆ پێکانەکەی کیلیان ئێمباپێ، راهێنەرەکەی ریال مەدرید بە توندی ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە.

سەبارەت بە یارینەکردنی کیلیان بە سەرەکی لە دێربی مەدرید، ئاربێلوا دووپاتیکردەوە کە هیچ کێشەیەک لە نێوانیاندا نییە و باسی لە رۆڵی هێرشبەرەکانیش کرد لە رووی بەرگرییەوە.

کیلیان بە تەواوی پابەندە بە تیپەکەی و هاوڕێکانییەوە. دەزانێت من داوای چی لێ دەکەم، هەروەها ڤینی و براهیمیش. روونە کە هێرشبەران کەمتر لە بەرگریکاران بەرگری دەکەن، بەڵام هەمووان رۆڵی خۆیان دەزانن و پێویستە رۆژانە تیمێکی یەکگرتوو بین.

گەڕانەوەی جود بێلینگهام

لە کۆتاییدا، ئاربێلوا باسی لە دۆخی جوود بێلینگهام کرد کە ماوەیەکی زۆر بوو بەهۆی پێکانەوە دورکەوتبووەوە و ئێستا گەڕاوەتەوە بۆ مەشقەکان.

پێم وایە بێلینگهام دەبێتە یاریزانێکی سەرەکی بۆ ئێمە. بەڕاستی دڵخۆشم کە دەبینم گەڕاوەتەوە بۆ مەشقەکان. لەمەودوا، تاکە ئامانجی من ئەوەیە بگەڕێتەوە بۆ باشترین ئاستی خۆی، ئەوەش تەنها لە رێگەی یاریکردنەوە دەبێت. زۆر باش دەزانم کە ماوەیەکی زۆرە دوورکەوتووەتەوە و چەندین هەفتەیە یاری نەکردووە، بۆیە دەبێت بە هێواشی و قۆناخ بە قۆناخ بیگێڕینەوە نێو کەشوهەوای یارییەکان.

بابەتی زیاتر

Back to top button