
یاریگا –
زاخۆ بەبێ پێنج یاریزانی سەرەکی رووبەڕووی ئەمانەی بەغدا دەبێتەوە، ئاسۆ رۆستەمیش گەشبینە و دەڵێت بۆ سەرکەوتن هاتووینە بەغدا.
لە یارییەکانی گەڕی 25ـی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق، زاخۆ کاتژمێر 7:30ـی شەو لە یاریگای شەرار حەیدەر رووبەڕووی ئەمانەی بەغدا دەبێتەوە، لە دوای سەرکەوتنی بەرامبەر دهۆک لە یاریی رابردوو کە لە یاریگای هەولێر بەڕێوەچوو، شاندی یانەی زاخۆ نەگەڕایەوە زاخۆو راستەوخۆ گەشتی شاری بەغدایان کرد.
بۆ یارییەکەی بەرامبەر ئەمانەی بەغدا، یانەی زاخۆ لە توانای پێنج یاریزانی سەرەکی بێبەش دەبێت، هەریەک لە ئەندرێ چیکیچی، ئوسامە رەشید، شێرکۆ کەریم لەگەڵ ئیچیتا دیپۆتی بە هۆی پێکانەوە یاریی ناکەن، ئەمجەد عەتوان، ناوەراستکاری تیپەکەش بە هۆی کەڵەکە بوونی کارتەکانی بەشداری یارییەکە ناکات.
ئاسۆ رۆستەم، هێرشبەری زاخۆ دەربارەی ئامادەکاری و گرینگی یارییەکە گووتی:
بە تەواوی بۆ یارییەکە ئامادەین و پێویستە سەرکەوتن تۆمار بکەین، لە دەستدانی خاڵ لە کێبڕکێی ریزبەندی پێشەوە دوورمان دەخاتەوە، یارییەکە لە دەرەوەی یاریگای خۆمانە بەڵام ئامادەین بۆ سەرکەوتن، چەند یاریزانێکی سەرەکی ناتوانن لەگەڵمان بەشداربن و کار کراوە بە یاریزانی دیکە شوێنیان پڕ بکرێتەوە.
زاخۆ 43 خاڵی هەیە و لە ریزبەندی حەفتەمی خولەکە دێت، گەڕی داهاتووش لە یارییەکی بەهێزدا میوانداری زەوڕا دەکات، ئەمانەی بەغدا 24 خاڵی هەیە و لە ریزبەندی 16ـی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق دێت.



