مێسییەکی بچووکە؛ نیمانیا ڤیدیچ پێی وایە یامال بووە هۆکاری پێکانی نونۆ مێندێش
"سەیرکردنی چێژبەخشە"

یاریگا –
نێمانیا ڤیدیچ، بەرگریکاری پێشووی مانچێستەر یونایتد ستایشی لامین یامالی کرد و رایگەیاند کە شێوازی یاریکردن و جووڵەی ئەستێرە لاوەکەی بارسێلۆنا لەنێو یاریگا لە کۆتاییدا کێشەی بۆ نونۆ مێندێش دروست کرد.
ڤیدیچ پێی وایە بڕینەکانی لامین، گۆڕینی ئاڕاستە و جووڵە چاوەڕواننەکراوەکانی، ژیانیان بۆ بەرگریکاری باڵی چەپی پۆرتوگالی زۆر قورس کرد. ئەو تەنانەت لاوە هێرشبەرەکەی ئیسپای بە لیۆنێل مێسی بەراورد کرد بەهۆی ئەو شێوازەی کە تۆپ لەژێر پێیەکانیدا دەهێڵێتەوە و گوتی:
ئەم کوڕە هێندە نایاب و تایبەتە، بە بۆچوونی من؛ ئەو مێسییەکی بچووکە، من بەوە ناوی دەبەم. ئەو بە فێڵەکانی بڕینی تۆپ، چەندین جار ناچاری کرد بە باڵەکەدا رابکات و لە کۆتاییدا لە یەکێک لە راکردنە خێراکاندا تووشی پێكانی کرد. لامین یامال بە هێڵێکی راستدا راناکات؛ ئەو هەمیشە لەگەڵ تۆپەکەدا دوور دەکەوێتەوە و شتێکی باوەڕپێنەکراو دەکات. سەیرکردنی ئەو لەنێو یاریگا چێژێکی تەواوە.
لامین یامال بەردەوامە لە وەرگرتنی ستایش بۆ نمایشەکانی، لە کاتێکدا زۆرێک لە یاریزانانی پێشوو و هاندەران سەرسامن بە متمانەبەخۆبوون، داهێنان و توانای ئەو لە تێپەڕاندنی بەرگریکاران لە تەمەنێکی ئاوا لاودا.



