خەریکی پاسی بێسوود بوون؛ ئیبراهیمۆڤیچ ستایشی ئیسپانیا دەکات و بەرگری لە رۆناڵدۆ دەکات
پۆرتوگال یەکگرتوو نەبوو

یاریگا –
زڵاتان ئیبراهیمۆڤیچ ستایشی ئیسپانیای کرد دوای بردنەوەکەیان بەرامبەر پۆرتوگال و رایگەیاند کە ئەوان ئارامی، یەکگرتوویی و ناسنامەیەکی روونی تۆپی پێیان نیشاندا.
یارییەکەی پۆرتوگال و ئیسپانیا لە قۆناخی 16ـی مۆندیال، کە بە بردنەوەی ئیسپانیا بە گۆڵێکی بێبەرامبەر کۆتایی هات، کاردانەوەیەکی جیهانیی بەدوای خۆیدا هێنا. لە درێژەی کاردانەوەکان یەکێک لەو کەسانەی بە وردی باسی یارییەکەی کرد، زڵاتان ئیبراهیمۆڤیچی یاریزانی پێشووی هەڵبژاردەی سوید بوو، کە ئێستا وەکوو شیکەرەوە بۆ یارییەکانی مۆندیال لە FOX SPORTS کار دەکات.
زڵاتان سەرەتا بە ستایشی ئیسپانیا دەستی پێ کرد و گوتی:
ئیسپانیا شایەنی ستایشێکی زۆرە چونکە تاوەکوو کۆتایی لە باوەڕەکەیان بەردەوام بوون. ئەوان بە ئارامییەوە تۆپیان دەگواستەوە، کۆنترۆڵی ریتمەکەیان کرد و چاوەڕوانی پۆرتوگالیان کرد هەڵە بکات. میکێل مێرینۆ سزای دان کاتێک ساتەکە هات. ئەمە جیاوازیی لەنێوان تیمێک کە ناسنامەیەکی روونی هەیە و تیمێکی پڕ لە تاکەکەسدایە کە هەوڵ دەدەن هەموو شتێک بە تەنیا چارەسەر بکەن.
ئیبراهیمۆڤیچ دواتر پێچەوانەی هەڵوێستەکانی پێشووی بەرگری لە کریستیانۆ رۆناڵدۆ کرد و گوتی:
پۆرتوگال بەهۆی ئەوەوە نەدۆڕا کە کریستیانۆ رۆناڵدۆ لەنێو یاریگا بوو. ئەوان دۆڕان چونکە هەرگیز خۆیان لەگەڵ ئەو یاریزانانەدا نەگونجاند کە هەیانبوو. ئەوان داهێنان و ئازایەتییان کەم بوو، لە سەرووی هەمووشیانەوە، یەکگرتووییان کەم بوو. تۆپی پێ پاداشتی ئەو تیمانە دەکات کە پێکەوە بیر دەکەنەوە. ئەمشەو ئیسپانیا پێکەوە بیری کردەوە. پۆرتوگال بەجیا بیری کردەوە. لەبەر ئەوەشە نەتەوەیەکیان ئاهەنگ دەگێڕێت و ئەوی دیکەیان دەگەڕێتەوە بۆ ماڵەوە.
ئیبراهیمۆڤیچ لە درێژەی قسەکانیدا بە توندی رەخنەی لە ئاستی پۆرتوگال گرت، ئاماژەی بەوەش کرد کە تیمەکە نەیتوانیوە بە شێوەیەکی گونجاو سوود لە کریستیانۆ رۆناڵدۆ وەربگرێت و گوتی:
پۆرتوگال دەبێت شەرمەزار بێت بەو ئاستەی پێشکەشی کرد. نەوەکوو لەبەر ئەوەی بەرامبەر ئیسپانیا دۆڕان، بەڵکوو لەبەر ئەوەی هەرگیز وەکوو تیمێک یارییان نەکرد کە بیەوێت بیباتەوە. ئەوان کریستیانۆ رۆناڵدۆیان لەنێو یاریگا هەبوو، کە یەکێکە لە گەورەترین گۆڵکارانی مێژووی تۆپی پێ، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا زۆربەی کاتی یارییەکەیان بە پاسدان بۆ لایەکان، بەرەو دواوە و هەڵبژاردنی بژاردە ئاسانەکە بەڕێکرد. ئەگەر دەتەوێت رۆناڵدۆ بە شێوەی سەرەکی یاری پێ بکەیت، کەواتە با ئەو ئازایەتییەشت هەبێت بۆ ئەو یاری بکەیت. لەبری ئەوە، ئەوان خۆپەرست، پێشبینیکراو و بە تەواوی بێ بیرۆکە دەرکەوتن.
لە کۆتایی قسەکانی ئیبرا، برونۆ فێرناندیش کەوتە بەر لێشاوی رەخنە توندەکانی کاتێک گوتی:
برونۆ فێرناندێش یەکێکە لە بەهرەمەندترین دروستکەرانی یاری لە تۆپی پێدا، بەڵام بەهرە هیچ مانایەکی نییە ئەگەر بە دروستی بەکاری نەهێنیت. گەلێک جار ئەو بەدوای پاسێکی دیکەدا دەگەڕا لەبری ئەوەی تۆپەکە بخاتە ئەو شوێنەی کە ئازاری بەرگریکاران دەدات. رۆناڵدۆ راکردنی دەکرد، داوای پاسی بەرزی دەکرد، لە ناوچەی سزا چاوەڕوان بوو، بەڵام هاوکارییەکە هەرگیز نەگەیشت. سوودی چییە باشترین کۆتاییپێهێنەرت هەبێت ئەگەر رەتی بکەیتەوە تۆپی پێی پێ بدەیت؟ ئەمە ژیریی تۆپی پێ نییە.



