عێراقگرنگترینمۆندیالی 2026

فەرەنسا چاوەڕێی عێراقە؛ دیشامپ لە ئێستاوە چاودێری شێرەکانی رافیدەین دەکات

شێرەکانی میزۆپۆتامیا لە کۆمەڵەی ئاگرین رووبەڕووی فەرەنسا، نەرویج و سەنیگال دەبنەوە

Yariga App

یاریگا –

لە دەستکەوتێکی ناوازە و پڕ لە شکۆدا، لە ناوەڕاستی بارودۆخی ئاڵۆزی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، شەوی رابردوو هەڵبژاردەی عێراق مێژووی نووسییەوە. دوای ئەوەی لە ساڵی 1986ـەوە نەگەیشتبووە مۆندیال، بە بردنەوەی لە بۆلیڤیا (2-1) لە یاریی کۆتایی پاشکۆی کیشوەرەکان لە شاری مۆنتێریی مەکسیک، توانی بلیتێکی مۆندیال بەدەستبهێنێت.

کۆتا بلیتی مۆندیال و رووبەڕووبوونەوەی پاڵەوانەکان

دوای سێ مانگی دیکە، شێرەکانی رافیدەین لە ئەمریکا رووبەڕووی هەڵبژاردەکانی سەنیگال، نەرویج و فەرەنسا دەبنەوە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامەی لیکیپی فەڕەنسی، دیشامپ لە ئێستاوە ئامادەکارییەکانی بۆ مۆندیال دەستپێکردووە و بۆ یارییەکەی عێراق و بۆلیڤیا چاودێرێکی تایبەتی خۆی بە ناوی لاورێنت مۆرێت ناردبوو، تاوەکوو شیکردنەوە بۆ شێوازی یاریکردنی دوایین هەڵبژاردەی سەرکەوتووی پاڵەوانێتییەکە بکەن.


بۆچی دیشامپ ئەمەی کردووە؟

چونکە بەگوێرەی تیروپشکەکە، فەرەنسا لەگەڵ ئەو تیپەی کە لەم پاشکۆیە سەردەکەوێت لە هەمان کۆمەڵەدایە. ئێستا کە عێراق بردییەوە، فەرەنسا زانیاری تەواوی لەسەر یارییەکانی عێراق هەیە چونکە لاورێنت مۆرێت لەناو یاریگاکە بووە و چاودێری کردوون.

کاریگەریی گراهام ئارنۆڵد

ئەمە دووەم جارە لە مێژوویدا عێراق دەگاتە ئەم ئاهەنگە جیهانییە. سەرەڕای ئەوەی فیدراسیۆنی عێراق داوای دواخستنی یارییەکەی کردبوو بەهۆی داخرانی ئاسمانی وڵاتەکەی، بەڵام کوڕانی گراهام ئارنۆڵد کە لە ئایاری رابردوو دەستبەکاربوو، توانییان یارییەکە لە بۆلیڤیا ببەنەوە.

ئەیمەن حسێن و گۆڵی یەکلاییکەرەوە

عێراقییەکان زۆر بەهێزی و گڕوتینەوە دەستیانپێکرد. لە خولەکی 10ـی یارییەکە،  عەلی حەمادی بە لێدانی سەر گۆڵی یەکەمی کرد (1-0). بەڵام دواتر شێرەکانی رافیدەین گەڕانەوە دواوە و بۆلیڤیا لە خولەکی 38 ئەنجامەکەی یەکسان کردەوە (1-1).

لە نیوەی دووەمدا، عێراق دووبارە هێرشی بردەوە و ئەیمەن حسێن توانی لە ناوچەی سزا گۆڵی سەرکەوتن بکات، دوای ئەوەی مارکۆ فەرج کە تەنیا دوو خولەک بوو هاتبووە ناو یاریگا، پاسێکی جوانی بۆ رەوانە کرد (2-1، خولەکی 54).

کەشی نێو یاریگا

سەرەڕای فشاری زۆری یاریزانانی بۆلیڤیا تاوەکوو کۆتایی، عێراقییەکان توانییان ئەنجامەکە بپارێزن، ئەم سەرکەوتنە لە ناو کەشێکی ئەفسانەییدا بەدەستهات کە 49,286 هاندەر لە یاریگاکەدا بوون، لە نێویاندا چەندین هەزار هاندەری عێراقی کە بۆ پشتگیری یاریزانانی وڵاتەکەیان هاتبوون.

بابەتی زیاتر

Back to top button