
ڕەنگە هاندەرانی بەرشەلۆنە جارێکی تر ناچار بن بگەڕێنەوە بۆ یاریگای مۆنتجویک بەهۆی ئەوەی یانەکە بە قۆناغەکانی کۆتایی پڕۆژە گەورەکەی نۆژەنکردنەوەی یاریگای سپۆتیفای کامپ نودا تێدەپەڕێت.
سەرەڕای گەڕانەوەیەکی سەرکەوتووانە بۆ یاریگاکەی خۆیان لە مانگی تشرینی دووەمدا، بەڵام هێشتا نۆژەنکردنەوەکان کۆتاییان نەهاتووە و بۆ تەواوکردنی یاریگاکە پێویستە بارسا جارێکیتر پەنا بۆ یاریگایەکی کاتی ببات..
بەرشەلۆنەکەی هانزی فلیک لە دوای گەڕانەوەیان بۆ سپۆتیفای کامپ نو لە مانگی تشرینی دووەمی ڕابردووەوە وەک هێزێکی ڕانەوەستاو دەرکەوتوون، و هەموو یارییەکانی ناو یاریگای خۆیان لەبەردەم هاندەراندا بردووەتەوە. کەشوهەواکە هێزێکی پاڵنەر بووە لەپشت هەڵمەتەکەیان بۆ بەدەستهێنانی نازناوەکە، بەڵام ئەو گوڕوتینە لە داهاتوویەکی نزیکدا ڕووبەڕووی بەربەستێکی لۆجستیکی گەورە دەبێتەوە. لە کاتێکدا یانەکە ئەم دواییە مۆڵەتی میوانداریکردنی 62،000 هاندەری بەدەستهێنا، ئامانجی کۆتایی هێشتا گەیشتنە بە توانای لەخۆگرتنی 105،000کەس کە ژمارەیەکی سەرسوڕهێنەرە. سەرەڕای ئەوەش، بۆ گەیشتن بەو قۆناغە، دەبێت بلۆگرانا جارێکی تر یاریگای تۆپی پێیەکەیان چۆڵ بکەن، کە ساڵی داهاتوو وەک بەرواری پێشبینیکراو بۆ دووەم دەرچوونی کاتی دیاریکراوە.
خشتەی کاتیی پڕۆژەی ئیسپای بارسا ئاماژە بەوە دەکات کە هەر سێ نهۆمەکەی یاریگا نوێیەکە تا مانگی نیسانی ٢٠٢٧ تەواو دەبن. ئەمە قۆناغێکی گرنگە، بەڵام لە هەمان کاتدا ئاڵۆزترین قۆناغی دروستکردنەکەش دەستپێدەکات: دانانی بنمیچە زەبەلاحەکەی یاریگاکە. پێشبینی دەکرێت ئەم کارە ئەندازیارییە نزیکەی چوار مانگی پێبچێت بۆ تەواوبوون. لەبەر ئەوەی دانانی بنمیچەکە لەبەر هۆکاری سەلامەتی و بیناسازی پێویستی بەوەیە یاریگاکە بە تەواوی چۆڵ بێت، بەرشەلۆنە ناچار دەبێت بۆ چەند هەفتەیەک لە سەرەتای وەرزیداهاتوو لە دەرەوەی سپۆتیفای کامپ نو یاری بکات.
خوان لاپۆرتا، کە بەم دواییە وەک سەرۆک هەڵبژێردرایەوە، خەریکی هەڵسەنگاندنی بژاردەکانی یانەکەیە بۆ ئەم گواستنەوە کورتخایەنە. یەکێک لە پلانە سەرەتاییەکان بریتی بوو لە گواستنەوەی یارییەکان بۆ یاریگای یۆهان کرۆیف، بەو پلانەی کە پەرەی پێبدرێت تاوەکو لەگەڵ ڕێنماییەکانی لالیگا بگونجێت. بەڵام بەگوێرەی ماڵپەڕی گۆڵ، دۆخی دارایی بۆ هەنگاوێکی لەم شێوەیە نالەبارە. تەنانەت بە پەرەپێدانیشەوە، یاریگای تیپی یەدەگ و خانمان تەنها جێگەی نزیکەی 18000 بینەر دەگرێت. ئەمەش دەبێتە هۆی زەبرێکی گەورە لە داهاتی ڕۆژانی یارییەکان و دەیان هەزار هەڵگری بلیتە وەرزییەکان بێبەش دەکات، ئەمەش وا دەکات گەڕانەوە بۆ یاریگای ئۆڵۆمپیی لویس کۆمپانی لە مۆنتجویک جێگرەوەیەکی لۆژیکیتر بێت، ئەگەرچی خوازراویش نەبێت.



