ئیسپانیاگرنگترین

لیژنەی تێهەڵچوونەوە بڕیاری کۆتاییدا؛ ڤاڵڤێردی بۆ چەند یاریی رادەگیرێت؟

Yariga App

یاریگا –

ریال مەدرید تانەی لە سزای یەک یاری ڕاگرتنی ڤالڤێردیدا بەهۆی ئەو کارتە سوورەی لە دێربی وەریگرتبوو، ئەمڕۆش لیژنەی تێهەڵچوونەوەوە بڕیاری کۆتاییدا.

فێدی ڤالڤێردی بە یەکجاری لە یاریی داهاتووی نێوان ریال مەدرید بەرامبەر مایۆرکا بێبەش دەبێت. سپی پۆشەکان بەبێ یاریزانە ئۆرۆگواییەکە لە جەنگی بەدەستهێنانی نازناوی لالیگا بەردەوام دەبن، ئەمەش دوای ئەوەی لیژنەی تێهەڵچوونەوە تانەکەی یانەی شاهانەی سەبارەت بە لادانی سزای یەک یاری راگرتن رەتکردەوە، کە بەسەر یاریزانەکەدا سەپێندرابوو بەهۆی ئەو کارتە سوورەی بەرامبەر ئاتلێتیکۆ مەدرید وەریگرت.

وەکوو لە ناوەڕۆکی بڕیارەکەدا روونکراوەتەوە، ریال مەدرید ناڕەزایەتی بەرامبەر نووسراوی ناوبژیوان پێشکەش کردبوو سەبارەت بە دەرکردنی یاریزانەکە و جەختی کردبووەوە کە “هەڵەیەکی ئاشکرا” لە هەژمارکردنی ئەو جووڵەیەدا هەیە. ڤالڤێردی لەلایەن مۆنێرای ناوبژیوانە دەرکرا بەهۆی “لێدان لە یاریزانێکی تیپی بەرامبەر لە کاتێکدا تۆپەکە لە مەودای یاریپێکردندا نەبووە و هێزێکی زۆری بەکارهێناوە”، ئەمەش ئەو خاڵەیە کە ریال مەدرید هاوڕای نەبوو، بەتایبەت لە بابەتی “مەودای یاریپێکردن” کە خاڵێکی یەکلاکەرەوەیە بۆ گۆڕینی رەنگی کارتەکە و جۆری سزاكە، بۆ ئەم مەبەستەش ڤیدیۆی رووداوەکەیان هاوپێچی تانەکەیان کردبوو.

دوای لێکۆڵینەوە لە ڤیدیۆکە و ئەو بەڵگانەی ریال مەدرید پێشکەشی کردبوون، لیژنەی تێهەڵچوونەوە بڕیاریدا داواکارییەکە رەت بکاتەوە و سزاكە وەک خۆی بهێڵێتەوە. لیژنەکە لە بڕیارەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە:
هیچ هەڵەیەکی روون لە نووسراوی ناوبژیواندا نییە، چونکە تۆپەکە لە ساتی لێدانەکەدا لە مەودای یاریپێکردندا نەبووە. ئەم بارودۆخەش رێگر نییە لەوەی بە لەبەرچاوگرتنی تەواوی جووڵەکە و چۆنییەتی روودانی، وا تێبگەین کە ئەم کردەیە لە کاتی یارییەکەدا و وەکوو دەرەنجامێکی راستەوخۆی بەریەککەوتنی نێوان یاریزانەکان روویداوە، بەمەش بڕیارەکە لەگەڵ ماددەی 130.1ـی کۆدی سزادانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا یەکدەگرێتەوە. بەو هۆیەوە، پێویستە جەخت لەسەر ئەوە بکرێتەوە کە کارەکە بە دروستی لە چوارچێوەی ئەو سەرپێچییەی ماددەی ئاماژەپێکراودا جێگیر کراوە و سزاکە وەکوو خۆی دەمێنیتەوە.

ریال مەدرید بڕیارە لە 4ـی نیسان لە هەفتەی 30ـی لالیگا، کاتژمێر 17:15 خولەک بەکاتی هەولێر دەبێتە میوانیی ریال مایۆرکا. ئەمەش دەبێتە دووەم یاریی لالیگا کە ناوەڕاستکارە ئۆرۆگواییەکە لەدەست بدات، دوای لەدەستدانی یارییەکەی سێڤییا لە هەفتەی حەڤدەیەم.

بابەتی زیاتر

Back to top button