ئیسپانیاگرنگترین

یەکەم دەرکەوتنی مۆرینیۆ لە ریال مەدرید؛ ئێمە لە ریال مەدرید کار ناکەین بەڵکوو کاری بۆ دەکەین

وردەکاریی ستافەکەی و خشتەی ناوازی یارییەکان

Yariga App

یاریگا –

جۆزێ مۆرینیۆ، راهێنەری نوێی ریال مەدرید، لە ئێستاوە و پێش کاتی دیاریکراو دەستی بە کارەکانی کردووە.

هەرچەندە ئامادەکارییەکانی پێش وەرزی یانەکە بەفەرمی تاوەکوو رۆژی دووشەممە 13ـی تەممووز دەستپێناکات، ناوبراو وێنەیەکی خۆی بە درێسی مەشق و راهێنانی یانەکەوە لە شارۆچکەی وەرزشیی ڤاڵدێبێباس لە لاپەڕەی فەرمی خۆی لە ئینستاگرام بڵاوکردەوە و پەیامێکی کورتی نووسیوە؛ “با بڕۆین’.

مۆرینیۆ لە ئێستاوە لە نووسینگەکەی جێگیر بووە و دەستی بە پلاندانان لەگەڵ ستافە نوێیەکەی کردووە.

مۆرینیۆ: “ئەمە بۆ من ئەرکێکە”

مۆرینیۆ لە لێدوانێکیدا بۆ ماڵپەڕی فەرمی ریال مەدرید رایگەیاند؛

وشەکان بەس نین، چونکە ئەمە وەکوو ئەرکێک وایە، مەبەستەکە من نیم یان ئەوەی ئایا چەند نازناو دەبەمەوە، من لێرەم بۆ ئەوەی یارمەتی هەمووان بدەم تاوەکوو باشتر بن؛ یاریزانەکان، ستافەکە و هەموو کەسێک. دەمانەوێت کلتوورێکی کارکردنی سەخت، بەرپرسیارێتی و پەرۆشی دروست بکەین.

ناوبراو جەختی لەسەر چەمکێکی گرنگ کردەوە و گوتی؛

زۆر حەزم لەو بیرۆکەیەیە؛ ئەمە کارکردن نییە لە ریال مەدرید، بەڵکوو کارکردنە بۆ ریال مەدرید، ئەمەیە گیانی ئەم ئەرکە و من لەبەر ئەمە لێرەم.

پلان داڕشتن لە پشت پەردەوە

مۆرینیۆ ئاشکرای کرد کە کارەکان لەمڕۆوە دەستیان پێنەکردوە، بەڵکوو ماوەیەکی زۆرە لە پشت پەردەوە لەگەڵ سەرکردایەتی یانەکە لەسەر ئاستی جیاوازدا کار دەکەن. ئەو گوتی کە تەکنەلۆجیا رێگەی پێداون زۆر شت لە دوورەوە رێکبخەن و ئەمڕۆ تەنیا بۆ پێداچوونەوەی ئەو کارانە بووە کە کراون و ئەوانەش کە پێویستە لە داهاتوودا بکرێن.

ستافی نوێی راهێنەرایەتی و گەڕانەوەی خەزێرا

مۆرینیۆ چەندین ناوی متمانەپێکراوی لەگەڵ خۆی هێناوەتە کەمپی شاهانە؛

  • جواو ترالهاو و پێدرۆ ماچادۆ؛ وەکوو یاریدەدەری راهێنەر کار دەکەن.

  • ئانتۆنیۆ دیاس؛ بەرپرسیارێتی بەشی راهێنانی جەستەیی وەردەگرێت.

  • رۆبێرتۆ مێرێلا و نونۆ سانتۆس؛ سەرپەرشتیاری بەشی گۆڵپارێزەکان دەبن.

  • سامی خزێرا؛ ئەستێرەی پێشووی هێڵی ناوەڕاستی ریال مەدرید، بە فەرمی وەووک ئەندامێکی نوێی ستافی راهێنەرایەتی مۆرینیۆ گەڕاوەتەوە یانەکە.

یاریزانە ئامادەبووەکان و خشتەی ناوازی پێش وەرز

لە رۆژی 13ـی تەممووز، چاوەڕوان دەکرێت ئەم یاریزانانە ئامادەبن؛ ئاندری لۆنین، ئالێکساندەر ئارنۆڵد، ئالڤارۆ کارێراس، دین هاوسن، راوول ئاسێنسیۆ، ئێدواردۆ کاماڤینگا، گۆنزالۆ گارسیا و فرانکۆ ماستانتۆنۆ، هەروەها ئیدێر میلیتاو، رۆدریگۆ و فێرلاند مێندی لە تەنیشت تیپەکە دەبن بۆ درێژەپێدان بە پرۆسەی چاکبوونەوەیان لە پێکان.

ریال مەدرید بۆ داڕشتنی پڕۆژە نوێیەکەی مۆرینیۆ پێش یەکەم یاریی فەرمی لالیگا رێک 40 رۆژی لەبەردەستدایە.

خشتەی ئامادەکارییەکە بەم شێوەیەیە؛

  • پێکهاتووە لە چوار یاریی دۆستانە لە ناوەوە و دەرەوەی ئیسپانیا [ئەگەری هەیە یاری پێنجەمیش بە بێ ئامادەبوونی هاندەران زیاد بکرێت].

  • لە یەکی ئاب لە نەمسا رووبەڕووی فیۆرێنتینا دەبنەوە، جگە لە بەشداریکردن لە جامی نەریتیی تێریسا هێرێرا.

  • بەهۆی دواخرانی یاری یەکەمی خولەکە، ریال مەدرید لە 23ـی ئاب یەکەم یاریی فەرمی خۆی لە لالیگا بەرامبەر ئیسپانیۆل دەکات.

بابەتی زیاتر

Back to top button