نازانم بۆ نەچووە ڤار؛ رودی گارسیا گومان دەخاتە سەر بڕیارەکەی مایکڵ ئۆلیڤەری ناوبژیوان
"هاوشانی ئیسپانیا بووین"

یاریگا –
رودی گارسیای راهێنەری بەلجیکا دوای دۆڕانی تیمەکەی بەرامبەر ئیسپانیا لە یاریگای سۆفای لە لۆس ئانجلس قسەی کرد و گومانی لەسەر بڕیاری دەستلێدانی تۆپەکەی رۆدری دروستکرد.
هەڵسەنگاندنت بۆ یارییەکە چییە؟
ئێمە هاوشانی ئیسپانیا بووین. کۆرتواشمان لەدەستدا، کە ئەمە زۆر بێبەختی بوو. ناچار بووین کێڤن دی برۆین لەوەی چاوەڕوان دەکرا زووتر بگۆڕین. پاشان نازانم بۆچی مایکڵ ئۆلیڤەر نەچوو بۆ ڤار تاوەکوو پێداچوونەوە بۆ دەستلێدانی تۆپەکە بکات. ئەو بڕیارە دژی ئێمە بوو.
ئایا بیرت لە داهاتووی خۆت کردووەتەوە؟
نەخێر، هێشتا نا. بۆ ئێستا دەبێت باسی یارییەکە بکەین. من زۆر نائومێدم، بەتایبەتی بۆ ئەو یاریزانانەی کە دەرفەتێکی دیکەیان نابێت بۆ یاریکردن لە مۆندیال. هەموومان بە ئەنجامەکەی ئەمڕۆ دڵگرانین. ئێمە هەموو شتێکمان بەخشی، بەڵام بەس نەبوو.
ئایا کۆرتوا دەیتوانی بەردەوام بێت؟
ئەوە بەشێکە لە تۆپی پێی ئاستبەرز. کۆرتوا لە هەموو روویەکەوە ناوازە بووە، نەماندەویست پێکانەکەی خراپتر بکەین. ئەو تووشی پێکان بوو لە یەکێک لە ماسوولکەکانیدا. پەشیمان نیم لەو بڕیارەی کە دام. ئەو یەکێکە لە باشترین گۆڵپارێزەکانی جیهان و تێکچوونی دۆخەکەی دەبووە کێشەیەکی جدی.
ئایا لە ئاستی تیمەکەت رازیت؟
دەبێت دۆڕانەکە قبووڵ بکەین، بەڵام وەکوو پێشتر گوتم، ئێمە هاوشانی ئیسپانیا وەستاینەوە.
پێت وایە کێ مۆندیال دەباتەوە؟
هیوادارم باشترین تیم بیباتەوە. دەزانین فەڕەنسا بەرامبەر ئیسپانیا یاری دەکات، بەڵام ئەوە چیدیکە خەمی من نییە.



