
یاریگا –
لەنێو ئەو یانانەی ئارەزووی کارکردن لەگەڵ چابی ئاڵۆنسۆ دەکەن، لیڤەرپوول لەپێشترین یانەیە و زۆرترین چانسی رێککەوتنی لەگەڵ راهێنەرە باسکییەکە هەیە.
رۆژنامەی بێڵد بڵاویکردووەتەوە، ئەگەر مەرجەکانی ئاڵۆنسۆ پێشوەختە قبووڵ بکرێن، ئەوا بە پۆستی راهێنەرایەتی یانەکە رازی دەبێت.

بەگوێرەی زانیارییەکانی هەمان رۆژنامە، ئاڵۆنسۆ نایەوێت هەمان سیناریۆی تاڵی ریال مەدرید دووبارە ببێتەوە، کاتێک مێرەنگی داواکارییەکانی بۆ کڕینی هێرشبەرێکی راستەقینەی نووک و ناوەڕاستکارێک رەتکردەوە، بەڵام ئاڵۆنسۆ گرێبەستەکەی هەر واژۆکرد.
رۆژنامە ئەڵمانییەکە ئەوەشی ئاشکراکردووە، ئاڵۆنسۆ نایەوێت ئێستا ئەرکی راهێنەرایەتی رێدز وەبگرێت، بەهۆی ئەزموونی لەگەڵ ریال مەدرید کاتێک لە هاوین و بێ ئامادەکاریی پێویست لە جامی جیهانیی یانەکان سەرپەرشتیکردنی لۆس بلانکۆسی گرتە دەست. ئاڵۆنسۆ پێی وایە ئەو بڕیارەی هەڵەیەکی گەورەی پڕ لە وانە بووە و پێویست بوو دوای تەواوبوونی جامی جیهانیی یانەکان ئەو ئەرکە لەئەستۆبگرێت.
ئاڵۆنسۆ لە ناوەڕاستی مانگی یەکی ئەمساڵ لە راهێنەرایەتی ریال مەدرید دوورخرایەوە، لەوکاتەوە رێدز لە هەوڵی بەردەوامدایە بۆ رازیکردنی و دەیەوێت سەرپەرشتیکردنی قەڵای ئانفێڵدی پێبسپێرێت.
ئاڵۆنسۆ لەگەڵ بایەر لیڤەرکوزن سەرکەوتنێکی مێژوویی نووسیوە و بۆ یەکەم جار لە مێژوودا، یانەکەی کردە پاڵەوانی بۆندسلیگا، بەڵام لەگەڵ ریال مەدرید نەیتوانی سەرکەوتووبێت و دوای تەنیا حەوت مانگ لە راهێنەرایەتی یانەکە دوورخرایەوە.



