یوڤێنتۆس ئەستێرەیەکی گەورەی ریال مەدریدی بە ئامانج گرتووە
بایرن میونشن دەتوانێت کارەکەی ئاسان بکات

یاریگا –
یوڤێنتۆس گرنگی بە ئەزمووندارەکەی ریال مەدرید دەدات بەڵام بەتەنیا نییە و چەندین یانەی دیکەش هەوڵی گواستنەوەی دەدەن.
یوڤێنتۆس بە وریاییەوە بەرەوپێشەوە دەچێت، ئەوان بۆ ئانتۆنیۆ رودیگەر لە کەمیندان کە دەبێتە گواستنەوەیەکی یەکجار گەورە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی تیمەکە. بەرگریکارە ئەڵمانییەکە رێک ئەو یاریزانەیە کە یوڤێنتۆسی راستەقینە لە پێناوی گەڕانەوە بۆ رکابەرییەکان پێویستییەتی. بەگوێرەی راپۆرتەکانی تۆتۆسپۆرتی ئیتاڵی، گفتوگۆ لەنێوان بریکارەکانی ئانتۆنیۆ رودیگەر و یوڤێنتۆس هەیە، گرێبەستی بەرگریکارە ئەڵمانییەکەش لە هاویندا کۆتایی دێت.
هەواڵەکان لە ئیسپانیا پشتڕاستی دەکەنەوە کە گفتوگۆ لەنێوان رودیگەر و تیمی راهێنەری پێشووی یاریزانەکە هەبووە. لوچیانۆ سپالێتی پێشووتر لە رۆما لەگەڵ یاریزانەکە کاری کردووە و ئەم پەیوەندییە بەهێزەی نێوانیان دەکرێت تۆنی بەرەو یوڤێنتۆس پەلکێش بکات. ئەم پەیوەندییە زۆر گرنگە ئەگەرچی یانەکانی پرێمەرلیگی وەکوو لیڤەرپوول و مانچێستەر یونایتد بەهەمان شێوە گرنگی پێدەدەن.
مانچێستەر یونایتد زۆر چالاک بوو لە چاودێریکردنی رودیگەر وەکوو جێگرەوە، ئەگەر هاری ماگوایەر گرێبەستەکەی نوێنەکردبایەوە، بەڵام سیناریۆکە خەریکە دەگۆڕێت. لەماوەی ئەم پشووی یارییە نێودەوڵەتیانە، پێشبینی دەکرێت مانچێستەر یونایتد و هاری ماگوایەر بۆ کۆتایی هێنان بە گرێبەستیکی نوێ تاوەکوو 2028 کۆببنەوە. ئەمەش هەواڵێکی باشە بۆ یوڤی چونکە بەمانەی دوورکەوتنەوەی رکابەرێکی گەورە دێت لە کڕینی بەرگریکارە ئەڵمانییەکە. لەگەڵ وەشدا گرنگیپێدانی یانەکانی سعوودییە کاڵبووەتەوە بەهۆی کێشە جوگرافی-سیاسییەکانەوە.

رەنگە یوڤێنتۆس ئۆفەرێکی دوو ساڵی لەگەڵ بژاردەی درێژکردنەوەی بۆ سێیەم ساڵ بە مووچەی ساڵانەی 5-6 ملیۆن یۆرۆ و پاداش، لەگەڵیشدا شیرینی واژۆکردنی گرێبەست پێشکەشی رودیگەر بکات. پێدەچێت خودی یاریزانەکەش ئارەزووی گەڕانەوە بۆ ئیتاڵیا و کارکردن لەگەڵ سپالێتی بکات، بەتایبەتی بەهۆی ئەوەی تەنیا شوێنە کە تاوەکوو ئێستا هیچ نازناوێکی لێ بەدەست نەهێناوە.
مەترسی راستەقینە بۆ یوڤێنتۆس راهێنەری ریال مەدرید، ئالڤارۆ ئاربێلوایە. ئاربێلوا وەکوو راهێنەری کاتی دەستبەکار بوو بەڵام رەنگە ببێتە راهێنەری هەمیشەیی، ئەگەر لە چامپیۆنزلیگ ئەنجامی باش بەدەست بهێنێت. ئەگەر ئاربێلوا بمێنێتەوە، بە ئەگەری زۆرەوە داوا لە فلۆرێنتینۆ پێرێز دەکات ساڵێک دیکە گرێبەستی رودیگەر درێژ بکاتەوە، چونکە بە راهێنەرایەتی ئەو بەرگریکارە ئەڵمانییەکە بووەتە یاریزانێکی سەرەکی و گرنگی تیمەکەی. هەر بۆیەش زۆرێک لە هاندەرانی یوڤێنتۆس هانی بایرن میونشةن دەدەن لە چامپیۆنزلیگ، تاوەکوو ریال مەدرید دەر بکات و چوونی بەرگریکارەکە بۆ یوڤێنتۆس ئاسانتر بکات.



