ئاستۆن ڤێلا و نیوکاسڵ یونایتد کێبڕکێی گواستنەوەی ئەستێرەیەکی ئینتەر میلان دەکەن
هاوشانی خولی سعوودی هەوڵی گواستنەوەی دەدەن

یاریگا –
ئاستۆن ڤێلا و نیوکاسڵ یونایتد شەڕی بەدەستهێنانی مارکوس تورام، هێرشبەری ئینتەر میلان دەکەن.
ماڵپەڕی کاوت ئۆفساید بڵاویکردووەتەوە، ئاستۆن ڤێلا و نیوکاسڵ بایەخ بە گواستنەوەی تورام دەدەن و هەوڵەکانیان بۆ بەدەستهێنانی یاریزانەکە چڕکردووەتەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی هەمان سەرچاوە، هێرشبەرە فەڕەنسییەکە ئارەزووی یاریکردن لە پرێمەرلیگ دەکات، دەیەوێت ئەزموون و ئاڵەنگارییەکی نوێ تاقیبکاتەوە.

تورام لەم وەرزە بەشداریی لە 22 یارییدا کردووە، حەوت گۆڵ و سێ ئەسیستی لەگەڵ ئینتەر میلان کردووە، یانەکە پێی وایە نرخی یاریزانەکە لە 70 ملیۆن یۆرۆ کەمتر نییە و ئامادە نییە بە نرخێکی کەمتر دەستەبەرداری ببێت.
تورام تاوەکوو هاوینی ساڵی 2028 گرێبەستی لەگەڵ یانە ئیتاڵییەکە هەیە و بڕی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەشی 85 ملیۆن یۆرۆیە، ئەوەش بەربەستێکی دیکەیە، هەر یانەیەک بیەوێت لە مێرکاتۆی هاوینە گرێبەستی لەگەڵدا بکات پێویستە بڕە پارەی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکە بدات.
جیا لە پرێمەرلیگ، یانەکانی خولی سعوودیش خواستیان بۆ بەدەستهێنانی تواناکانی ئەستێرە 28 ساڵانییەکە هەیە و لە ماوەی گواستنەوەی هاوینەی داهاتوو چاودێریی دۆخی یاریزانەکە دەکەن.
تورام تاوەکوو ئێستا لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکان 132 یاریی لەگەڵ ئینتەر کردووە، لەو ژمارە یارییە 45 گۆڵی کردووە و 28 گۆڵیشی دروستکردووە.



