
یاریگا –
لە کلاسیکۆی کوردستان، دهۆک و هەولێر لە یاریگای یانەی یەکەم رووبەڕووی یەکتر دەبنەوە، راهێنەری دهۆکیش پلانی بۆ راگرتنی هەولێر هەیە.
لەکلاسیکۆی کوردستانی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق، چوارشەممه ( 18ـی ئاداری 2026 ) کاتژمێر 11:15خولەکی شەو دهۆک میوانداری هەولێر دەکات، دهۆک بە ئامانجی بەردەوام بوونی ئەنجامە باشەکانی لە دوو یاریی رابردوو یاریی دەکات و راهێنەری تیپەکەش باس لە راگرتنی شێوازی یارییکردنی هەولێر دەکات.
عەبدولغەنی شەهد، راهێنەری دهۆک وێڕای ستایش کردنی هاندەرانی تیپەکەی، لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی باسی لە بە هێزی ئەم وەرزەی هەولێر کرد و گووتی:
هەولێر لەم وەرزە جیاواز لە وەرزەکانی رابردوو ئاستێکی نایاب پێشکەش دەکات، بۆیە ئێمە رێزیان لێدەگرین و پێویستە خۆمان بۆ هەموو ئەگەرێکیش ئامادە بکەین، بەڵام پلانی باشمان داناوە بۆ ئەوەی رێگری لە هێزی هەولێر بکەین و بتوانین کەمترین مەترسی لەسەر گۆڵی ئێمە درووست بکەن.
دەربارەی ئامادەکاری تیپەکە و ئامانجیان لەم یارییەدا، راهێنەرەکەی دهۆک رایگەیاند:
تیپەکەم ئامادەیە بۆ ئەم کلاسیکۆیە، ئەنجامی دوو یاریی رابردوو پاڵنەرێکی باش دەبێت بۆ ئەم یارییه، ئامانجمان وەرگرتنی سێ خاڵی یارییەکە و بەردەوام بوونە لەسەر ئەنجامە باشەکان، ڕۆڵی هاندەرانی دهۆکیش لەبیر ناکەین کە هەمیشە سەرچاوەی هێزی راستەقینە و پاڵپشتی یاریزانەکانن.
دهۆک لە دوو یاریی رابردوودا بەرامبەر شوڕتە و کەرخ سەرکەوتنی بەدەستهێناوە، هەڵۆکانی چیا 33 خاڵیان هەیە و لە ریزبەندی نۆیەم دێن، گەڕی داهاتووش لە بەسڕە بەرامبەر مینا یاریی دەکەن، هەولێریش 43 خاڵی هەیە و لە ریزبەندی چوارەمی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق دێت.



