
یاریگا –
باسم قاسم، راهێنەری یانەی هەولێر، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا تیشکی خستە سەر ئامادەکارییەکانی یانەکەی بۆ یاری دێربی کوردستان بەرامبەر یانەی دهۆک.
بڕیارە سبەی شەو، یاریی دێربی کوردستان لە نێوان هەردوو یانەی دهۆک و هەولێر لە دهۆک بەڕێوە بچێت. یارییەکە لە کاتژمێر 11:15 شەو دەستپێدەکات و چاوەڕوان دەکرێت هاندهرێكی زۆر لە یاریگاکە ئامادە بن.
قاسم پێش یارییهكه له كۆنگرهیهكی رۆژنامهوانی رایگەیاند کە یانەکەی بە ئیرادەیەکی بەهێزەوە دەچێتە نێو یاریگاکە و تاکە ئامانجیان بەردەوامبوونە لەسەر ئهنجامه باشهكان.
راهێنەری یانەی هەولێر دانی بەوەدا کە یارییەکە ئاسان نابێت و گوتی:
“دەزانین رووبەڕووبوونەوەی دهۆک زۆر سەخت دەبێت، چونکە ئەمە دێربی کوردستانە و تایبەتمەندی خۆی هەیە. یانەی دهۆک کۆمەڵێک یاریزانی زۆر باش و بەتوانای هەیە، بەڵام من متمانەی تەواوم بە یاریزانەکانم هەیە کە بتوانن ئەنجامێکی شایستە بەدەستبهێنن.”
سەبارەت بە ئاستی یانەکە، باسم قاسم ئاماژەی بەوە کرد کە یانەکە قۆناخی یەکەمی بە سەرکەوتوویی بڕیوە، هەرچەندە لە چەند یارییەکدا ئاستیان وەک پێویست نەبووە، بەڵام ئێستا گەڕاونەتەوە سەر ڕێچکەی سەرکەوتن. گوتیشی،
“بۆ بردنەوە لەم یارییە، پێویستە وریای هەڵەی تاکتیکی و هەڵەی تاکەکەسی یاریزانەکانمان بین و وریایانە مامەڵە لەگەڵ خولەکەکانی یارییەکەدا بکەین. دەبێت هەموو دەرفەتەکان بقۆزینەوە.”
باسم قاسم پەیامێکی ئاڕاستەی هاندهرانی یانەی قەڵا و منارە کرد و رایگەیاند:
“ئەم یارییە دواین یاریی ئێمەیە لە مانگی پیرۆزی رەمەزاندا، بۆیە هەموو هەوڵێک دەدەین سێ خاڵی یارییەکە بەدەستبهێنین و وەک دیارییەک پێشکەشی هاندەرە خۆشەویستەکانمانی بکەین.”



