راپۆرتی تایبەتعێراقگرنگترینمۆندیالی 2026

وردەکاریی پلانە نوێییەکە؛ عێراق چۆن گەشتی مەکسیک دەکات؟

تۆڕی ئاتلێتیک وردەکاریی نوێ ئاشکرا دەکات

Yariga App

یاریگا –

دوای زیاتر لە 40 ساڵ، دەرفەتێکی زێڕین بۆ گەڕانەوە بۆ نێو جامی جیهانی هاتووەتە بەردەم هەڵبژاردەی عێراق و بردنەوەی یەک یاریی دیکە شێرەکانی رافیددەین بە پاڵەوانێتییە گەورەکە شاد دەکاتەوە.

عێراق لە ماوەی 28 مانگی رابردوو 20 یاریی لە پاڵاوتنەکانی مۆندیال کردووە، ئێستا لە قۆناخی پاشکۆ لە وڵاتی مەکسیک رووبەڕووی بۆلیڤیا یاخود سورینام دەبێتەوە و دەیەوێت دوای تاکە دەرکەوتنی لە جامی جیهانی، جارێکی دیکە بگەڕێتەوە. عێراق بە بردنەوەی یارییەکە دەگاتە جامی جیهانی و شانبەشانی هەڵبژاردەکانی فەرەنسا، نەرویج و سێنیگال دەکەوێتە کۆمەڵەی I.

تۆڕی ئاتلێتیک لە راپۆرتێکدا ئاشکرایدەکات جەنگی نێوان ئێران و ئەمریکا – ئیسڕائیل، ئامادەکارییەکی هەڵبژاردەی عێراقی بۆ گەشتکردن ئاڵۆزکردووە و تەنانەت مەترسی گەورە دروستبووە هەڵبژاردەکە نەتوانێت گەشتی وڵاتی مەکسیک بکات، بەڵام لە رێی پلانێکی نوێوە هەڵبژاردەکە گەشتەکە دەکات.


پێشتر گراهام ئارنۆڵد، راهێنەری هەڵبژاردەکە داوای دواخستنی یارییەکەی کرد، بەڵام لەلایەن فیفاوە داواکەی رەتکرایەوە، هەروەها پێی وابوو باشترین بژاردە بۆ گەشتکردن رۆیشتنە بە پاس بۆ وڵاتی تورکیا کە ئەوەش 25 کاتژمێر دەخایەنێت. هاوکات هەر لە هەمان رۆژدا، عەدنان درجال، سەرۆکی یەکێتیی تۆپی عێراق، جیانی ئیفانتینۆ، سەرۆکی فیفای لە کێشە نائاساییەکانی گەشتکردن ئاگادارکردەوە، لەوانە داخستنی ئاسمانی عێراق و رێگا مەترسیدارەکان بە ناوچە کوردییەکان چونکە لەلایەن ئێرانەوە بەئامانجگیراون.

بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕە ئەمریکییەکە، ئێستا بۆ ئەوەی مەودایەکی کەمتر ببڕن و یاریزانەکانی تووشی ماندووێتییەکی زۆر نەبن، عێراق پلانێکی نوێ داناوە و عێراق دەیەوێت لە رێی ئوردەن بەرەو مەکسیک گەشت بکات، بەڵام بەدەستهێنانی ڤیزای مەکسیک ئاستەنگییەکی دیکەی بەردەم هەڵبژاردەکەیە چونکە وڵاتەکە لە عێراق کونسوڵخانەی نییە و یاریزانانی هەڵبژاردەکە لە ماوەی هەفتەی رابردوو لە رێی سعوودیە و قەتەڕ داوای وەرگرتنی ڤیزایان کردووە، وەزارەتی دەرەوەی مەکسیک ئامادەیی هەموو جۆرە هاوکارییەکی پێشانداوە لەپێناو ئاسانکاریی پێدانی ڤیزا بە یاریزانانی هەڵبژاردەکە.

فشاری زۆرمان لەسەر دروستبووە، چەندین شەو خەو نەچووەتە چاوم و نیگەرانی جێبەجێکردنی ئەو پلانە بوومە _گراهام ئارنۆڵد بۆ تۆڕی CNN

لە %60ـی پێکهاتەکەی ئارنۆڵد لە یاریزانانی ناوخۆی عێراق پێکدێت و تەنیا دوو یاریزان لە ئەوروپا یاریی دەکەن، وەکوو عەلی حەمادی لە لوتن تاون، مارکۆ فەرەج لە ڤێنتسیا.

عێراق لەم هەفتەیە یەکەیەکی مەشقی لە ئەمریکا هەبوو، هەرچەندە ئەو مەشقە هەڵوەشاوەتەوە، یاریزانانی هەڵبژاردەکە پێیان وایە دەتوانن لە کۆتایی ئەم هەفتەیە گەشتەکەیان بکەن و بگەن بە مەکسیک.

لای رەوەندی عێراقی لە سەرانسەری جیهان، یارییەکەی 31ـی ئادار جێگای شانازییەکی گەورەیە و هیوایان بە بردنەوە و گەیشتنە بە مۆندیال. ئاتلێتیک چاوپێکەوتنی لەگەڵ یەکێک لە کەسەکان بەناوی حەسان بەلال کردووە کە لە لەندەن دەژی پۆدکاستێک بەناوی ‘پۆدکاستی تۆپی پێی عێراق’ پێشکەشدەکات و ناوبراو هیوای بە هەڵبژاردەکەیە سەردەکەوێت.

ئێمە دەمانەوێت جیهان لایەنێکی ئەرێنی عێراق ببینێت نەوەک تەنیا لایەنی سیاسی و ناکۆکی، پێویستە جیهان تێبگات ئێمەش تۆپی پێمان زۆر خۆشدەوێت و ئێستا دەرفەتە ئەوە پێشانی جیهان بدەین.

خەڵک کاتێک گوێیان لە وشەی ‘عێراق’ دەبێت، بیر لە ‘سەدام حسێن’ و تیرۆر دەکەنەوە، سەرکەوتن بۆ جامی جیهانی روویەکی ئەرێنی و جیاوازز پێشانی جیهان دەدات.

بەهۆی بەشدارینەکردنی ئێران لە جامی جیهانی، ئەگەرێک هەیە عێراق راستەوخۆ و بێ ئەو یارییە سەربکەوێت، لەوبارەیەوە حەسان دەڵێت؛

دەمانەوێت کۆتاییەکی شیرنیمان هەبێت، نامەوێت جێگای ئێران بگرینەوە، دەمانەوێت بە شایستەیی بگەینە مۆندیال.

بابەتی زیاتر

Back to top button