
یاریگا –
نەورۆز لە دەرەوەی یاریگای خۆی رووبەڕووی ئەمانەی بەغدا دەبێتەوە، مەڕوان حوسێنیش دەڵێت جگە لە سێ خاڵ ئامانجی دیکەمان نیە.
پێنج شەممە ( 12ـی ئاداری 2026 ) نەورۆز لە یاریگای کاپتن شەرار حەیدەر لە بەغدا کاتژمێر 9ـی شەو رووبەڕووی ئەمانەی بەغدا دەبێتەوە، لە مێژوودا هاردوویانە پێنج یاریی فەرمیان بەرامبەر یەکتر کردووە، نەورۆز سێ سەرکەوتنی بەدەستهێناوە و ئەمانەش لە دوو یارییەکەی تر براوە بووە.
وەلی کەریم، راهێنەری نەورۆز دەربارەی ئامادەکاریان بۆ ئەم یارییە رایگەیاند:
ئامادەکارییمان بۆ ئەم یارییە کەم بووە بەهۆی نزێکیمان لەگەڵ یاریی رابردوو بەرامبەر زەوڕا، ئاستی تیپەکەمان تا دێت بەرەو بەرزتر دەچێت، وێڕای شکستمان لە یاریی رابردوو بەڵام وەکو ئاست ئێمە باشتر بووین، هەڵەکانمان تاکە کەسین و هەڵەی تەکنیکی تیپەکە نەبووە.
مەڕوان حوسێن، هێرشبەری نەورۆز لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی دەربارەی ئامانج و ئامادەکارییان بۆ یارییەکەی بەرامبەر ئەمانەی بەغدا گووتی:
ئەم یارییەمان زۆر گرینگە، چونکە دەمانەوێت جارێکی دیکە بگەڕێینەوە سەرکەوتن، لە یاریی رابردوو شکستمان هێناوە و بە ئامانجی قەرەبووکردنەوەی ئەم شکستە رووبەڕووی ئەمانە دەبینەوە.
بۆ ئەم یارییە سوورپۆشەکانی سلێمانی توانای کلاودیۆ ماڕادۆنای بۆ دەگەڕێتەوە کە یاریی رابردوو بەرامبەر زەوڕا بە هۆی کەڵەکە بوونی کارتەکانی یاریی نەکرد، نەورۆز 25 خاڵی هەیە لە ریزبەندی 13 دێت، ئەمانەی بەغدا بە 21 خاڵ لە ریزبەندی 17ـی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق دێت.



