پریڤیوی یاریی ریال مەدرید V مانچێستەر سیتی؛ دوا هەواڵ و پێكهاتەی پێشبینیكراو
پێکهاتەی پێشبینیکراو، دوا هەواڵ، ئەوەی پێویستە لەسەر یارییەکە بیزانیت

یاریگا –
لە یاریی لووتكەی قۆناخی شازدەی چامپیۆنزلیگ ریال مەدرید لە یاریگای خۆیدا میوانداری مانچێستەر سیتی دەكات.
وابڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە كاتژمێر 23:00 بەكاتی هەولێر ریال مەدرید لە یاریگای بێرنابیۆی تایبەت بە خۆی میوانداری مانچێستەر سیتی بكات، لە میانی یاریی چوونی قۆناخی شازدەی چامپیۆنزلیگ.
پڕۆفایلی یاریی

مانچێستەر سیتی لە قۆناخی خول – كۆمەڵەكان لە كۆی هەشت یاریی پێنج یاریی بردەوە، یارییەک یەكسان بوو دوو یارییش دۆڕاوە.
بە كۆكردنەوەی 16 خاڵ پلەی هەشتەمی ریزبەندی چامپیۆنزلیگی گرت و راستەوخۆ بلیتێكی قۆناخی شازدەی بەدەستهێنا.
لە بەرامبەردا ریال مەدرید لە قۆناخی خول – چامپیۆنزلیگ لە پلەی نۆیەم هات و نەیتوانی راستەوخۆ بلیتێكی گەیشتن بە قۆناخی شازدە بەدەستبهێنێت و لە یاریی پاشكۆ بە ئەنجامی هەردوو یاریی هاتن و چوون 3-1 لە بێنفیكای بردەوە و خۆی گەیاندە قۆناخی شازدەی پاڵەوانیەتیەكە.
زانیاری یاریی
هەردوو یانە لە مێژوودا 15 جار رووبەڕووبوونەتەوە، ریال مەدرید 6 یاریی بردووەتەوە، 5 یاریی مانچێستەر سیتی و لە 4 یارییش یەكسان بوون.
تەنیا بایرن میونشن 8 یاریی و یوڤێنتوس 7 یاریی لە خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا زیاتر لە مانچێستەر سیتی 5 یاریی لە ریال مەدریدیان بردووەتەوە.
دوایین یانە كە توانیبێتی لە قۆناخی كرانەدەرەوەی چامپیۆنزلیگ تۆڕی گۆڵەكەی لە یاریگای بێرنابیۆ بە خاوێنی هێشتبێتەوە بارسێلۆنا بوو ئەو كات گواردیۆلا راهێنەر بوو.
مانچێستەر سیتی چوار جار لەلایەن ریال مەدریدەوە لە چامپیۆنزلیگ كراوەتە دەرەوە.
پێپ گواردیۆلا لە یارییەكەی ئەمشەو یاریی ژمارە 190 لە چامپیۆنزلیگ دەبێت و ژمارەكەی سێر ئالێكس فێرگسن یەكسان دەكاتەوە و لە پلەی یەكەم كارلۆ ئانچێلۆتی بە 218 یاریی دێت.
هەواڵی پێكانی یاریزانەكان
ریال مەدرید بە بێ كیلیان ئێمباپێ، جود بێڵینگهام، ئالڤارۆ كارێراس، رۆدریگۆ، دانی سێبایۆس، ئیدێر میلیتاو، دەیڤد ئالابا رووبەڕووی مانچێستەر سیتی دەبێتەوە.
مانچێستەر سیتی بە بێ یۆشكۆ ڤاردیۆڵ و ماتیۆ كۆڤاسیچ رووبەڕووی ریال مەدرید دەبێتەوە.
پێكهاتەی پێشبینیكراوی ریال مەدرید
كۆرتوا
ترێنت ئارنۆڵد، رودیگەر، ئاسێنسیۆ، مێندی
چوامینی، ڤاڵڤێردی، گولەر، كاماڤینگا
گارسیا، ڤینیسیۆس
پێكهاتەی پێشبینیكراوی مانچێستەر سیتی
دۆناروما
نونێس، دیاس، گێی، ئایت نوری
رۆدری، سێلڤا
ئۆرایلی، شەرقی
سێمێنیۆ، هالاند



