ئه‌وروپائینگلتەراگرنگترین

مانچێسته‌ر یونایتد رکابەری لەسەر نازناوی پرێمەرلیگ دەکات؟

ئایا یونایتد دەتوانێت جیاوازی 13 خاڵەکە پڕ بکاتەوە؟

Yariga App

یاریگا –

مایکل کاریک، راهێنەری کاتی مانچستەر یونایتد، رەتیدەکاتەوە ئاڵای سپی لە ململانێی بەدەستهێنانی نازناوی پرێمەرلیگدا هەڵبکات.

کاریک پێیوایە سەرەڕای جیاوازییە زۆرەکەیان لەگەڵ ئارسیناڵی پێشەنگ، بەڵام یانەکەی توانای ئەوەی هەیە تیپه‌كه‌ی له‌و ریتمه‌ به‌رده‌وام بێت  لە کۆتا ساتەکاندا  نازناوەکە بباته‌وه‌.

وەرچەرخانێکی مێژوویی لەژێر دەستی کاریک

لەو کاتەوەی لە ناوەڕاستی مانگی کانوونی دووەمدا ئەرکی راهێنەرایەتی شەیتانە سوورەکانی گرتووەتە ئەستۆ، ئەستێرەی پێشووی هێڵی ناوەندی یانەکە گۆڕانکارییەکی سەرسوڕهێنەری لە شه‌یتانه‌ سوره‌كان دروستکردووە. یونایتد کە لە پلەی حەوتەمی ڕیزبەندییەکەدا بوو، ئێستا گەیشتووەتە پلەی سێیەم. ئەو وەرزەی کە پێشتر تەنیا مەبەست لێی کەمکردنەوەی زیانەکان بوو، ئێستا بووەتە وەرزێکی پڕ لە خەون و هیوا.

بردنەوەیەک و هەزار هیوا

بردنەوە قورسەکەی  یەکشەممە بەرامبەر کریستاڵ پاڵاس بە ئەنجامی (2-1)، جارێکی تر سەلماندی مانچێستەر یونایتد گەڕاوەتەوە بۆ سەر ڕێڕەوی سەرکەوتنەکان. هەرچەندە جیاوازییان لەگەڵ ئارسیناڵی ئارتێتا 13 خاڵە، بەڵام کاریک چاوەڕێی موعجیزە دەکات.

کاریک لە لێدوانێکیدا سەبارەت بە ئەگەری بردنەوەی نازناوەکە دەڵێت:

“لە تۆپی پێدا ناتوانرێت هیچ شتێک بەدوور بزانرێت، بەڵام دەبێت واقیعبین بین. ئێمە تەنیا هەوڵ دەدەین لە بردنەوەی یارییەکان بەردەوام بین و بزانین چی ڕوودەدات. لە سەرووی ئێمەوە دوو تیپی نایاب هەن، بەڵام ئێمەش بۆ هیچی مه‌به‌ستێكی تر نەوەستاوین.”

ئامارەکان پشتیوانی “شانۆی خەونەکان” دەکەن

ئاستی مانچێستەر یونایتد تەنیا قسە نییە، بەڵکو ئامارەکان دەیسەلمێنن؛ لەو کاتەوەی کاریک بووەتە ڕاهێنەر، یانەکە لە کۆی حه‌فت یاری توانیویەتی شه‌ش یاری بباتەوە، ئەمەش باشترین ریکۆردی بردنەوەیە لە تەواوی پرێمەرلیگدا لەو ماوەیەدا.

کاریک دەشڵێت:

“ئێمە برسی سەرکەوتنی زیاترین و دەبێت ئەم زنجیرە سەرکەوتنە تا ئەو شوێنەی دەتوانین درێژ بکەینەوە. گرنگترین شت ئەوەیە کە بە خاکەڕایی بمێنینەوە و بزانین هەر بردنەوەیەک ماندووبونێکی زۆری دەوێت.”

تاقیکردنەوەیەک بۆ وەرگرتنی پۆستەکە بە هەمیشەیی

سەرکەوتنە یەک لە دوای یەکەکانی کاریک، وایکردووە دەنگۆی ئەوە بڵاوبێتەوە کە کارگێڕی یانەکە پۆستی راهێنەری هەمیشەیی پێ ببەخشن. دەوترێت تەنانەت یاریزانانی ناو ژووری جلگۆڕینیش پاڵپشتی لەو بڕیارە دەکەن.

کاتێک لەبارەی داهاتووی خۆیەوە پرسیاری لێکرا، کاریک بە پێکەنینەوە گوتی،

“ئەم پرسیارە هەموو هەفتەیەک دووبارە دەبێتەوە، وایە؟ من ئێرەم خۆشدەوێت و کارەکەی خۆمم خۆشدەوێت، بەڵام بڕیاری خێرا و کورتخایەن نادەم. بردنەوەی یارییەکان یارمەتیدەرە، بەڵام با بوەستین و بزانین چی ڕوودەدات.”

بابەتی زیاتر

Back to top button