
یاریگا –
دوای سەرکەوتنیان بەرامبەر غەڕاف، راهێنەری زاخۆ دەڵێت سەرکەوتنەکە بۆ ئێمە دووجار گرینگ بوو، ئێستا دەتانم بڵێم بۆ یارییەکەی شەباب ئامادەین.
لە یارییەکی پێشخراوی گەڕی 20ـی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق، زاخۆ لە یاریگای خۆی 2 _ 0 بەرامبەر غەڕاف سەرکەوتنی بەدەستهێنا، دوای ئەم سەرکەوتنە کە پێنج یاریزانی زاخۆ بە هۆی پێکانەوە یارییان نەکرد، راهێنەری زاخۆ ئامادەیی تیپەکەی بۆ یارییەکەی بەرامبەر شەبابی سعودی راگەیاند.
ئەیوب ئۆدیشۆ، راهێنەری زاخۆ باسی سەرکەوتنەکەیان بەرامبەر غەڕاف دەکات و دەڵێت ئەم سەرکەوتنە بۆ ئێمە دووجار گرینگ بوو:
سەرکەوتنمان بەرامبەر غەڕاف چێژی تایبەتی هەبوو، لە هەمان کاتدا دووجار گرینگ بوو بۆ ئێمە، یەکەمجار توانیمان سێ خاڵ وەربگرین و بگەڕێینەوە کێبڕکێی ریزبەندی پێشەوە، دووەمجار پاڵنەرێکی باشە بۆ یارییەکەی بەرامبەر شەبابی سعودی، وێڕای نا لەباری کەش و هەوا یاریزانەکان ئاستێکی باشیان پێشکەشکرد بەرامبەر تیپێکی رکابەر و بەهێز، پیرۆزە لە هاندەران و هیوادارم بەردەوام بن لە پاڵپشتیکردنمان.
بەم سەرکەوتنە زاخۆ بە 36 خاڵ هاتە ریزبەندی پێنجەمی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق، بڕیاریشە لە 3ـی مانگی ئادار لە یاریی پێش کۆتایی خولی یانە پاڵەوانەکانی کەنداو لە سعودیە رووبەڕووی شەباب ببێتەوە.



