
یاریگا –
یانەی مانچێستەر سیتی نیازی نوێکردنەوەی گرێبەستی جۆن ستۆنز، بەرگریکاری یانەکەی نییە و ئەم وەرزە دوایین وەرزی یاریزانەکەیە بە درێسی سیتیزنس.
گرێبەستی جۆن ستۆنز لە هاوینی 2026 لەگەڵ مان سیتی بەسەردەچێت و ئێستا دەتوانێت لەگەڵ هەر یانەیەک بیەوێت گفتوگۆ بکات.
ماڵپەڕی کاوت ئۆفساید بڵاویکردووەتەوە، مانچێستەر سیتی و ستۆنز گەیشتوونەتە رێککەوتن و بە رەزامەندی هەردوولا گرێبەستی نێوانیان درێژناکەنەوە.

بەگوێرەی هەمان سەرچاوە، یانەی بایرن میونشن ئارەزووی گواستنەوەی بەرگریکارە ئینگلیزییەکە دەکات، چونکە ناوبراو یاریزانێکی پڕ ئەزموونە و گواستنەوەشی هیچ بڕە پارەیەکی تێناچێت و چاوەڕواندەکرێت ڤیسینت کۆمپانی و هاری کەین رۆڵێکی گەورە لە گواستنەوەی ستۆنز بۆ یانە باڤارییەکە بگێڕن.
سەرچاوەکە دەشڵێت، یانەکانی ئەیسی میلان و ئاتلێتیکۆ مەدرید چاودێریی یاریزانەکە دەکەن بەڵام ستۆنز تاوەکوو ئێستا بڕیاری وێستگەی داهاتووی یاریکردنی نەداوە و دەیەوێت تەواو سەرنجی لەسەر یارییەکانی ئەم وەرزە بێت لەگەڵ مان سیتی.
بەرگریکارە 31 ساڵانییەکە تاوەکوو ئێستا لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکان 290 یاریی بە درێسی مانچێستەر سیتییەوە کردووە، لەو ژمارە یارییە 19 گۆڵ و 9 ئەسیستی کردووە، چەندین نازناوی گرنگی لەگەڵ یانەکەدا بەدەستهێناوە، لەنێویاندا چامپیۆنزلیگ.



