پاشای ماسک؛ باشترین یاریزانی تاقیکردنەوەکەی پینتۆس ئاشکراکرا

یاریگا
ئەنجامی تاقیکردنەوە جەستەییەکەی رۆژی چوارشەممەی ئانتۆنیۆ پینتۆس ئاشکراکرا.
ئەم تاقیکردنەوەی پینتۆس بەکارهێنانی ماسکە، کە رێژەی هەڵمژینی ئۆکسجین و دانەوەی دوانەئۆکسیدی کاربۆن دیاریی دەکات. ئەم تەکنەلۆژیایە یارمەتی ستافی راهێنان دەدات شیکاریی بۆ ئاستی ئۆکسجین، توانای هەناسەدان و چۆنییەتی مامەڵەی یاریزانەکان لەگەڵ توانایی جەستەیی دەکات.
بە گوێرەی مارکا، ئاردا گولەر نەوەک تەنیا لەڕووی تەکنیکییەوە، بەڵکوو لەڕووی جەستەییشەوە کاریگەری دروستکردووە. لە راهێنانەکانی رۆژی چوارشەممە ناوەڕاستکارەکە باشترین ئەنجامی تاقیکردنەوە جەستەییەکانی ئانتۆنیۆ پینتۆسی بەدەستهێناوە.

ئەم تاقیکردنەوانە پاڵپشتی بۆچوونی یانەکە دەکەن کە گولەر لەڕووی جەستەییشەوە پێشکەوتنی بەخۆیەوە بینیوە، کە خاڵێکی گرنگە بۆ رکابەریکردن لەسەر بەدەستهێنانی پێگەی سەرەکی.
لەنێوخۆی یانەکە هەمووان بە روونی تێگەیشتوون، گولەر لە ئاستی داخوازییە جەستەییەکانە. ئەمە دەکرێت بۆ داهاتووی یاریزانەکە لە ریال مەدرید یەکلاییکەرەوە بێت و بەرەنگاریی ئەو بیرۆکەیە بکات کە دەڵێن جەستەی گولەر بۆ یاریکردن لە ناوەڕاست گونجاو نییە.
ژمارەکانی ئاردا لە چامپیۆنزلیگ گەواهی بۆ یاریزانەکە دەدەن، کە یەکێکە لەو یاریزانانەی زۆرترین راکردنی هەبووە، بە هاوبەشی لەگەڵ چوامینی و بێلینگهام. هەر سێ یاریزانەکە بە تێکڕا 10کم لە یارییەک راکردنیان هەبووە، گولەر لە 556 خولەکدا 55.6 کم رایکردووە.
لەدوای ئاردا گولەر، هەر یەکە لە فران گارسیا، فێدی ڤاڵڤێردی و دەیڤد ئالابا لەنێو ئەو یاریزانانە دێن کە لە تاقیکردنەوە جەستەییەکان پلەیەکی نایابیان بەدەستهێناوە.
دەیڤد ئالابا گەورەترین سوپڕایز بووە، تەنانەت لەگەڵ پێکانەکان و کەمی خولەکی یاریکردنیش، لە تاقیکردنەوەکانی ئەنجامێکی زۆر باشی بەدەستهێناوە و ئەنجامەکان دەڵێن هێشتا لە دۆخێکی جەستەیی نایابە.




