
یاریگا –
مانچێستەر سیتی کار لەسەر گواستنەوەی شوێنگرەوەی پێپ گواردیۆلای راهێنەری یانەکەیان دەکەن.
پێپ گواردیۆلا تاوەکو 2027 گرێبەستی لەگەڵ مانچێستەر سیتی هەیە، بەڵام بە گوێرەی تێلێگراف، لەنێو یانەکە هەست بەوە دەکرێت کە ئەمە دوایین وەرزی پێپ دەبێت لە یانەکە.
سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە مانچێستەر سیتی لیستێکی 3 کەسی ئامادەکردووە وەکوو شوێنگرەوەی راهێنەرەکەیان، چابی ئەلۆنسۆی راهێنەری پێشووی ریاڵ مەدریدیش پێشەنگی بەبژێرەکانە.
لەم بەستەرەوە دەتوانن خوێنەری تەواوی زانیارییەکان بن لەو بارەیەوە:
ڤینسێنت کۆمپانی دەکرێت یەکێکی دیکە بێت لە بژاردەکان بۆ سیتیزن، بەڵام ئەگەری جێهێشتنی بایرن میونشن لەلایەن راهێنەرەکە کەمە.
کۆمپانی یەکێکە لە ئەفسانەکانی مانچێستەر سیتی و هەمووان رێزی دەگرن بەهۆی ئەو دەستکەوتانەی وەکوو یاریزان بەدەستیهێناوە. وەکو راهێنەریش لە بایرن میونشن کارێکی سەرسوڕهێنەر ئەنجام دەدات و بژاردەیەکی گونجاوە تاوەکوو سیتی پاڵەوانەکەی وەکو جێگرەوەی گواردیۆلا بگەڕێنێتەوە.
بە گوێرەی رۆژنامەنووسی ئەڵمانی و نزیک لە بایرن میونشن، کریستیان فاڵک، بایرن میونشن ئاگاداری دۆخی راهێنەرایەتی مانچێستەر سیتییەوە و دەکرێت هەوڵی گەڕاندنەوەی بۆ یانەکە بدەن.
✅ Vincent Kompany to replace Pep Guardiola at Man City? https://t.co/8w7jk3Y2so
— Christian Falk (@cfbayern) February 3, 2026
هەر لەبەر ئەم هۆکارەش یانە باڤارییەکە گرێبەستێکی نوێیان بۆ کرد کە تاوەکو 2029 بەردەوامیی دەبێت. کۆمپانی گرێبەستەکەی واژۆکرد چونکە دەیەوێت لە بایرن بمێنێتەوە، باوەڕیان بە پڕۆژەکەی هەیە و هیچ نیازێکی نییە بچێتە هیچ یانەیەکی پرێمەرلیگ.
بۆیە تەنانەت ئەگەر مانچێستەر سیتی هەوڵی گواستنەوەی کۆمپانیش بدات، بە ئەگەرێکی زۆرەوە راهێنەرە بەلجیکییەکە لە بایرن میونشن بەردەوام دەبێت.



