
یاریگا –
ستیڤن جێرارد، ئەفسانەی پێشووی لیڤەرپووڵ رەخنەلە لێدوانەکانی ئاڕنە سڵۆت، راهینەری یانەی لیڤەرپووڵ دەگرێت.
جێرارد داوا لە سڵۆت دەکات ئەوەندە باسی کەموکورییەکانی لیڤەرپووڵ نەکات و لەبری ئەوە بەدوای چارەسەردا بگەڕێت. دەشڵێت، پێویستە سڵۆت چیدیکە سەرنجی لەسەر بەرگریی نزمی تیپی بەرامبەر نەبێت و باشترە بیر لە دۆزینەوەی رێگەچارەیەک بکاتەوە.
دوای یارییەکەی بەرامبەر مارسیلیا، سڵۆت دووبارە باسی لەوە کرد کێشەی سەرەکی یانەکە شکاندنی بەرگریی نزمی هێڵی بەرگریی یانەکانی بەرامبەرە و رێگرە لەوەی رێدز ئاستێکی باشتر پێشکەشبکات، گوتی کە لە یارییە کراوەکان دەتوانن بەسەر بەرامبەردا زاڵ بن و ئاستێکی نموونەیی پێشانبدەن بەڵام لەگەڵ ئەو تیپانەی بە بەرگریی نزم یاری دەکەن، تووشی زەحمەتییەکی زۆر دەبنەوە.

جێرارد لە لێدوانەکەیدا بۆ کەناڵی TNT Sports، دەڵێت رووبەڕووبوونەوەی بەرگریی نزم شتێکی نوێ نییە بۆ ئانفێڵد، بەڵام تیپە گەورەکان دەبێت چارە بۆ ئەو کێشەیە بدۆزنەوە نەوەک گلەیی و گازندە بکەن.
ساڵانێکە تیپەکان بەم شێوەیە بەرامبەر لیڤەرپووڵ یاری دەکەن، ئەوەی گرنگە دۆزینەوەی چارەسەرە، یاریزانت لەبەردەستدایە و دەبێت یارییەکان ببەیتەوە
سەرەڕای ئەو رەخنانە، کاپتنەکەی پێشووی لیڤەرپووڵ، ستایشی کارەکانی سڵۆتی کرد لە یاریی بەرامبەر مارسیلیا و دەڵێت لیڤەرپووڵ کۆنتڕۆڵی یارییەکەی کرد.
لیڤەرپووڵ دوای ئەم بردنەوەیە پلەی چوارەمی چامپیۆنزلیگی گرتووە، یاریی داهاتوو لە ئانفێڵد میوانداری قاراباخی پلەی هەژدەیەم دەکات.



