مانچێستەر سیتی ئۆفەرێکی گەورە پێشکەش بە بەهرەمەندێکی پرێمەرلیگ دەکات

یاریگا –
یانەی مانچێستەر سیتی هەوڵەکانی بۆ گواستنەوەی بەهرەمەندێکی دیکە دەستپێکردووە و ئەم جارە لاوێکی پرێمەرلیگی کردووەتە ئامانج.
بەگوێرەی هەواڵێکی ماڵپەڕی فیچاخێس، مانچێستەر سیتی ئامادەیە بڕی 60 ملیۆن یۆرۆ خەرجبکات لەپێناو بەدەستهێنانی تواناکانی ئالێکس سکۆت، ناوەڕاستکاری یانەی بۆرنمس.
لاوە تەمەن 22 بەهارییەکە وەرزێکی نموونەیی لەگەڵ یانەی بۆرنمس بەڕێدەکات و وەک داینەمۆی هێڵی ناوەڕاستی یانەکەی سەیردەکرێت، ئەمەش وایکردووە ببێتە جێی سەرنجی یانە گەورەکان.
سەرچاوەکە دەشڵێت پێپ گواردیۆلا زۆر سەرسامی ناوەڕاستکارە ئینگلیزییەکەیە بەهۆی زیرەکی، توانای فشارکردن و یاریکردنی لە پێگە جیاوازەکان، بۆیە یانەکە پلانی داناوە لە هاوینی داهاتوو یاریزانەکە پەلکێشی ریزەکانی بکات.

یانەی بۆرنمس دەزانێت هێشتنەوەی بەهرەمەندەکەی قورسە، بۆیە ئامادەیی خۆیان بۆ فرۆشتنی پێشانداوە ئەگەر ئۆفەرێکی گونجاویان پێشکەشبکرێت.
سکۆت لە ساڵی 2023 لە یانەی بریستۆڵەوە پەیوەندی بە ریزەکانی بۆرنمس کرد، لە کۆی 74 یاریی لەگەڵ یانەکە تەنیا چوار گۆڵ و چوار ئەسیستی کردووە.



