
یاریگا –
نەورۆز لە یاریی لووتکەدا رووبەڕووی تەڵەبە دەبێتەوە و راهێنەری سوور پۆشەکانی سلێمانیش داوا لە هاندەران دەکات بە ڕێژەیەکی زۆر ئامادە بن.
چوارشەممە ( 14ـی کانوونی دووەمی 2026 ) لە گەڕی 12ـی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق، نەورۆز لە یاریگای خۆی کاتژمێر 3ـی ئێوارە میوانداری تەڵەبە دەکات، بۆ ئەم یارییە نەورۆز لە توانای ئەحمەد عیسا بێبەش دەبێت کە لە یاریی رابردوو بەرامبەر غەڕاف کارتی سووری وەرگرت.
دوای هەشت مانگ دابڕان لە یاریگا، جارێکی دیکە نەورۆز توانای راستگۆ فەریقی بۆ گەڕاوەتەوە و لە چەند رۆژی رابردوو بە شێوەی ئاسایی بەشداری مەشقەکانی تیپەکانی کردووە.
وەلی کەریم، راهێنەری نەورۆز دەربارەی ئامادەکاریی تیپەکەی قسەی خۆی کرد و داوایەکیش ئاڕاستەی هاندەران دەکات:
تەڵەبە بە بارودۆخێکی باشدا تێپەڕ دەبێت، رووبەڕووبوونەوەیان جیاوازە لەگەڵ سەرجەم یانەکانی تر، لە دوو یاریی رابردوو ئەنجامی باشمان بەدەستهێناوە و پێویستە بەردەوام بین، داوا دەکەم لە هاندەران بە رێژەیەکی زۆر لە یاریگا ئامادەبن، تا ڕادەیەکی زۆر کۆتاییمان بە گواستنەوەی یاریزان هێنا و ئێستا هەر 30 یاریزان ناویان تۆمار کراوە.
سوورپۆشەکانی سلێمانی لە 11 یاریی رابردوو 10 خاڵیان کۆکردۆتەوە و لە ریزبەندی 16ـی خولەکە دێن، گەڕی داهاتووش لە دەرەوەی یاریگای خۆی بەرامبەر قاسم یاریی دەکات، تەڵەبە 20 خاڵی هەیە و لە ریزبەندی حەفتەمی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق دێت.



