
یاریگا –
یانەی مانچێستەر یونایتد لە هەوڵەکانی بۆ دیاریکردنی راهێنەری نوێی یانەکە بەردەوامە و لە نوێترین پێشهاتدا، سەرچاوەکانی نزیک لە یانەکە ئاماژە بەوە دەکەن کە شەیتانە سوورەکان ئەمڕۆ راهێنەری نوێ دەستنیشاندەکەن.
رۆژنامەی گاردیان، لە زاری سەرچاوە نزیکەکانی لە یانەکە ئاشکرایکردووە کە یانەکە لەگەڵ هەردوو راهێنەری پێشووی یانەکە، ئۆلێ گونەر سۆڵشایەر و مایکڵ کارێک لە گفتووگۆدایە و یەکێکیان وەک راهێنەری کاتی تا کۆتایی وەرز دیاریدەکات.
هەفتەی رابردوو رۆژنامەی دەیلی مەیل، رایگەیاند کە سۆڵشایەر بەهێزترین پاڵێوراوە و لای بەرپرسانی یانەکە وەک بژاردەی سەرەکی تەماشادەکرێت، بەڵام ئەمڕۆ هەردوو سەرچاوەکە ئاماژە بەوە دەکەن کە دۆخەکە تەواو پێچەوانەبووەتەوە و کارێک گرەوەکەی لە سۆڵشایەر بردووەتەوە.

بەگوێرەی هەردوو سەرچاوەکە، هێشتا مان یونایتد گرێبەستی فەرمی پێشکەش بە هیچ کام لەو دوو راهێنەرە نەکردووە، بەڵام دوای کۆبوونەوە لەگەڵیان، راهێنەرە ئینگلیزییەکەیان بەسەر سۆڵشایەردا هەڵبژاردووە و چاوەڕوان دەکرێت ئەمڕۆ دووشەممە بڕیاری کۆتایی رابگەیەنن.
راهێنەرە نەرویجییەکە لەنێوان ساڵانی 2018 بۆ 2021 راهێنەری مانچێستەر بوو، لە کۆی 168 یاری، 91 بردنەوەی بەدەستهێنا، لە 37 یارییدا یەکسان بوو و 40 یاریشی دۆڕاند، رێژەی بردنەوەکانی %54 بوو.
هەرچی راهێنەرە ئینگلیزییەکەشە، لە دوای دەرکردنی سۆڵشایەر لە ساڵی 2021 بووە راهینەری کاتی یانەکە و تەنها سێ یاریی یانەکەی بەڕێوەبرد، لە دوو یارییدا براوەبوو و لە یارییەکیشدا یەکسان بوو، دواتر پۆستەکەی بۆ راڵف راگنیک بەجێهێشت.
ئێستا مانچێستەر یونایتد بە 32 خاڵ لە پلەی حەوتەمی ریزبەندی پرێمەرلیگدایە و دەیەوێت بە زوویی و بەر لە یاریی دێربی ئەرکی راهێنەرایەتی یانەکەی یەکلاییبکاتەوە.



