بڵاونامەی گرێبەستەکان 2026؛ پلانەکانی چێڵسی بۆ گواستنەوەی زستانە چین؟
چێڵسی بە نیازە کێ بگوازێتەوە و دەستبەرداری کێ ببێت؟

یاریگا –
بەخێربێن بۆ بڵاونامەی گرێبەستەکانی چێڵسی بۆ ساڵی 2026 و بازاڕی گواستنەوەی زستانە بەتایبەت.
بڵاونامەی گرێبەستەکان رووماڵێکی فراوان و چڕی بازاڕی گواستنەوەکانی یانە گەورەکان دەکات، ئەمیش بە پشتبەستن بە زانیاری میدیا گەورە و متمانە پێکراوەکانی وەرزشی جیهانی.
لە تۆڕی وەرزشی یاریگا تەواوی وردەکارییەکان پێش هەمووان بزانە. بڕیارە بازاڕی گواستنەوەی زستانە لە 1ی یەنایەر/کانوونی دووەمی داهاتوو دەستپێبکات و مانگێک بەردەوام دەبێت، بڵاونامەی گرێبەستەکانیش هەفتانە دەخرێتە بەر دیدی خوێنەرانی یاریگا.

چێڵسی بە نیازی چییە؟
چێڵسی لە مێرکاتۆی هاوینەی رابردوو زیاتر لە 340 ملیۆن یۆرۆی لە گواستنەوەی یاریزانان خەرجکرد، بەڵام پێدەچێت لە مێرکاتۆی زستانە دەرگای خەزێنەکەی نەکاتەوە.
ئانتوان سێمێنیۆ، هێرشبەری بۆرنمس یەکێکە لەو یاریزانانەی چێڵسی ئارەزووی گواستنەوەی دەکات، بەڵام بەگوێرەی زانیارییەکانی سکای سپۆرتس، جگە لە مانچێستەر سیتی هیچ یانەیەکی دیکە جوڵەی فەرمی بۆ یاریزانەکە نەکردووە و بلوز نیازی نییە لەم زستانە هیچ یاریزانێکی نوێ بگوازێتەوە.

چێڵسی کێ دەفرۆشێت؟
چێڵسی ئامادەیە دەستبەرداری رەحیم ستێرلینگ، یاریزانی باڵی هێرشبەری ببێت، بەڵام پێدەچێت دۆزینەوەی یانەیەک بۆ ئەو هێرشبەرە ئاڵۆز بێت، چونکە دەیەوێت لەپێناو خێزانەکەی لە لەندەن بمێنێتەوە.
مووچەی هەفتانەی رەحیم ستێرلینگ لە چێڵسی 325 هەزار پاوەندە و خاوەن یەکێک لە بەرزترین مووچەکانی خولەکەیە، هەر زۆری مووچەکەی دەبێتە بەربەستێکی گەورە لەبەردەم دۆزینەوەی یانەیەکی نوێ بۆی.
ئالێکس دیساسی سەرەڕای ئەوەی گەڕاوەتەوە مشقەکان، بەڵام لە جێهێشتنی چێڵسی نزیکبووەتەوە.
هاوینی رابردوو سەندرلاند، بۆرنمس و وێستهام ئۆفەریان پێشکەشی کرد، لەم زستانەش کریستاڵ پاڵاس بۆ گواستنەوەی لەسەر هێڵە، چێڵسی پێشبینی دەکات دیساسی لەم زستانە لە یانەکە بڕوات.

تایریک جۆرج یەکێکی دیکەیە لەو یاریزانانەی لەم زستانە بلوز جێدەهێڵێت، هەرچەندە مارێسکا بەم دواییەن بە ئاستی یاریزانەکە سەرسامبووە بەڵام دەرفەتی زۆریشی بۆ نەڕەخساوە.
چێڵسی لە هێڵی پێشەوە خاوەنی چەند هێرشبەرێکی بەتوانایە، بۆیە جۆرج خولەکی کەم یاریی دەکات و لە کورسی یەدەک بێزابووە، پێشبینی دەکرێت لەم زستانە پەیوەندی بە فولهام بکات.
ئەو یاریزانانەی هاوینی داهاتوو گرێبەستیان بەسەردەچێت: هیچ یاریزانێکی بلوز هاوینی داهاتوو گرێبەستی بەسەرناچێت.


