یونس سلێمان لە ئاستی یاریزانەکانی ئاکرێ بەرامبەر شێروانە رازی نیە و هۆکارەکەی بزانە
وێڕای سەرکەوتنیان، راهێنەری ئاکرێ داوای لێبوردن دەکات

یاریگا –
راهێنەری ئاکرێ وێڕای ئەوەی یەکەم یاریی سەرکەوتنی بەدەستهێنا، له ئاستی یاریزانەکانی رازی نیە و داوای لێبوردنیش دەکات.
لە گەڕی نۆیەمی خولی نایابی کوردستان، ئاکرێ لە یاریگای خۆی سەرکەوتنێکی گەورەی بەرامبەر شێروانەی پاڵەوانی وەرزی رابردووی خولەکە تۆمار کرد و 3 _ 0 یارییەکەی لێبردەوە، ئاکرێ یەکەم یاریی بوو لە ژێر سەرپەرشتی یونس سلێمانی راهێنەری نوێ یانەکە دوای دەستلەکارکێشانەوەی هێور مستەفا راهێنەری پێشووی ئاکرێ.
وێڕای سەرکەوتنیان، یونس سلێمان، راهێنەری ئاکرێ رەخنەی لە یاریزاناکانی گرت و گووتی:
یاریزانەکانمان پاڵەپەستۆی زۆریان لەسەر بوو بە هۆی ئەنجامەکانی پێشووتر، دەبوو سەرکەوین بۆ ئەوەی لە رووی دەروونیەوە یاریزانەکان باشتر بن، بۆیە رەنگە بە شێوەیەکی جوان یارییمان نەکردبێت، داوای لێبوردن لە هاندەرانی ئاکرێ و شێروانە و یەکێتی تۆپی پێی کوردستان دەکەم ئەگەر بە چێژ یارییمان نەکردبێت، چونکە ئەمڕۆ تەنها ئامانجمان سێ خاڵ بوو، بەڵێن بێت شێوازی یاریکدنمان باشتر بکەین و چێژ بە خولەکەش ببەخشینەوە.
لە نۆ یارییدا ئاکرێ دوو سەرکەوتن و شەش یەکسان بوون و شکستێکی هەیە، 12 خاڵی هەیە و لە ریزبەندی چوارەمی خولی نایابی کوردستان دێت، گەڕی داهاتووش لە دەرەوەی یاریگای خۆی رووبەڕووی قەڵادزێ دەبێتەوە.



