پیشەسازی و قەڵادزێ شەڕی بەدەستهێنانی دوابلیتی مانەوە لە خولی نایابی کوردستان دەکەن
خولی نایابی کوردستان بۆ وەرزی 2024 _ 2025 کۆتایی دێت

یاریگا –
خولی نایابی کوردستان کۆتایی دێت، پیشەسازی و قەڵادزێ شەڕی بەدەستهێنانی دوا بلیتی مانەوە لە خولی نایابی کوردستان دەکەن.
یەک شەممە ( 19ـی نیسانی 2026 ) گەڕی 22ـی خولی نایابی کوردستان کە دوا گەڕی خولەکەیە بەڕێوەدەچێت، هەندرێن چوار گەڕ پێش تەواوبوونی خولەکە بووە پاڵەوانی خولی نایابی کوردستان بۆ دووەمجار لە مێژووی خۆیدا، دەربەندیخانیش کە لە ریزبەندی کۆتایی خولەکە دێت، تاکە یانەیە دابەزینی بۆ ریزی پلە یەکی کوردستان مسۆگەر کردووە بۆ وەرزی داهاتوو.
لە نێوان پیشەسازی و قەڵادزێ یەک یانە لە خولی نایابی کوردستان دەمێنێتەوە، هەردوو یانە جەنگی بەدەستهێنانی دوا بلیتی مانەوە دەکەن، پیشەسازی لە یاریگای خۆی میوانداری شێروانە دەکات، پیشەسازی بە 20 خاڵ لە ریزبەندی 11 دێت و شێروانەی پاڵەوانی وەرزی رابردووی خولەکە بە 26 خاڵ مانەوەی لە خولەکە مسۆگەر کردووە.
قەڵادزێ کە وەرزی رابردوو بۆ یەکەمجار لە مێژوودا سەرکەوت بۆ ریزی نایابی کوردستان، یەک خاڵی پێویستە بۆ ئەوەی بە فەرمی لە خولەکە بمێنێتەوە کە ئێستا بە 22 خاڵ لە ریزبەندی 10ـی خولەکە دێت، قەڵادزێ لە دێڕبی راپەڕین لە دەرەوەی یاریگای خۆی بەرامبەر رانیە یاریی دەکات، رانیەش بە 25 خاڵ لە ریزبەندی حەفتەم دێت و مانەوەی لە خولی نایابی کوردستان مسۆگەر کردووە.
ریزبەندی یانەکانی خولی نایابی کوردستان بە یەک گەڕ پێش تەواوبوونی خولەکە.




