
یاریگا –
یانەی لیڤەرپوول چاوەڕوانییەکی پڕ لە دڵەڕاوکێ بەرۆکی گرتووە، دوای ئەوەی ئیزاک، هێرشبەری یانەکە، لە یاریی یانەکەی بەرامبەر یانەی تۆتنهام، تووشی پێکانی سەخت هات.
ئیزاک لەو یارییەدا لە خولی گێمی دووەمدا هاتە نێو یاریگا و لە خولەکی 56 گۆڵێکی کرد، بەڵام لە خولەکی 60 بە ناچاری و بەهۆی هەستکردن بە ئازاری زۆر یاریگای بەجێهێشت.
هێرشبەرە سوویدییەکە هێشتا پشکنینی پزیشکی بۆ نەکراوە و سەختی پێکانەکەی و ماوەی دوورکەوتنەوەی ئاشکرا نەکراوە، بەڵام رێدز ترسی ئەوەی لێ نیشتووە پێکانەکەی درێژخایەن بێت.
🚨 Liverpool fear Alexander Isak suffered significant injury in challenge while scoring in Saturday’s victory at Tottenham Hotspur. #LFC concern relates to 26yo Sweden striker’s lower left leg & intend to confirm once MRI scan results arrive @TheAthleticFC https://t.co/nx5WAMqJ29
— David Ornstein (@David_Ornstein) December 21, 2025
پێکانەکەی هێرشبەرە تەمەن 26 بەهارییەکە گورزێکی کوشندە لە لیڤەرپووڵ دەدات، چونکە یاریزانەکە گرانترین گرێبەستی مێژووی یانەکەیە بە 125 ملیۆن پاوەند، و تا ئێستا نەیتوانیوە کاریگەریی خۆی بەدیاربخات و لە ماوەکانی رابردوودا ئاستی جێگیر نەبووە، تەنها دوو گۆڵی لە پرێمەرلیگ بۆ رێدز کردووە، بەم دواییە خەریکە ئاستی بەرەوپێشدەچێت، دوای یارییەکەش سڵۆت ستاشی ئاستی کرد و هیوای خواست پێکانەکەی درێژخایەن نەبێت.
پێکانی ئیزاک، لیڤەرپووڵ ناچار دەکات بچێتە نێو گواستنەوەی زستانە؟
بژاردەکانی بەردەم ئاڕنە سڵۆتی راهێنەر لە هێڵی هێرشبردن کەمتربوونەوە و تووشی ئاستەنگییەکی زۆر دەبێتەوە، چونکە کۆدی خاکپۆ بەهۆی پێکانەوە، و محمەد سەڵاح بەهۆی بەشداریکردنی لەگەڵ میسڕ لە جامی نەوەتەکانی ئەفریقا، لە پێکهاتەی راهێنەرە هۆڵەندییەکە دابڕاون، ئەمەش رەنگە لیڤەرپووڵ ناچار بکات بچێتە بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان لە زستان، بەتایبەت بۆ پڕکردنەوەی شوێنی ئیزاک.
بەگوێرەی راپۆرتێکی تۆڕی ئاتلێتیک، رێدز بەدوای یاریزانێکدا دەگەڕێت بتوانێ لە باڵ و ناوەڕاستی هێڵی هێرشبەری یاریی بکات.



