
یاریگا –
یانەی زاخۆ دەرفەتێکی مێژووی لەبەردەستە و دەتوانێت بڕوانامەی گینس بەدەستبهێنێت و ناوی تۆماربکرێت.
ماڵپەڕی فەرمی فیفا بەفەرمی ئاشکرایکرد، هاندەرانی زاخۆ ریکۆردێکی مێژوویان تۆمارکردووە و بۆ بەدەستهێنانی خەڵاتی باشترین هاندەرانی ساڵ 2.7 ملیۆن دەنگیان کۆکردووەتەوە و ریکۆردەکەی هاندەرانی ئەرجەنتینیان شکاندووە، کە هاندەرانی ئەرجەنتین لە 2022، 656 هەزار دەنگیان کۆکردبووەوە.
هاوکات فیفا ئاماژەی بەوەش کردووە، هاندەرانی زاخۆ زیاتر لە 13 هەزار خاڵیان کۆکردووەتەوە و %54ـی دەنگەکانیان بەدەستهێناوە.
ناوی زاخۆ لە گینس تۆمار دەکرێت؟
تۆڕی وەرزشی یاریگا بەدواداچوونی وردی بۆ بابەتەکە کردووە، بۆمان دەرکەوتووە یانەی زاخۆ دەتوانێت بەفەرمی ناوی لە گینس تۆمار بکات و بڕوانامەی فەرمی وەربگرێت.
بۆ ئەوەی ناوی زاخۆ لە گینس تۆمار بکرێت پێویستە ئەم چوار قۆناخە جێبەجێبکات.
یەکەم: داواکاری فەرمی
◉ بە سێ رێگا زاخۆ دەتوانێت داواکاری فەرمی پێشکەشی گینس بکات، یانەی زاخۆ دەتوانێت خۆی داواکارییەکی فەرمی پێشکەشی گینس بکات تاوەکو ناوی تۆمار بکرێت، یانیش دەتوانێت لە رێگەی دامەزراوەیەکی فەرمی لە هەرێمی کوردستان داواکارییەکە بۆ گینس بنێرێت، یانیش فیفا دەتوانێت خۆی داواکارییەکە پێشکەش بکات.
◉ پێویستە جۆری ریکۆردەکە روونبکرێتەوە بۆ نموونە (خاوەن ریکۆردی زۆرترین دەنگ لە خەڵاتی زە بێست بۆ باشترین هاندەر)
دووەم: پێوەرەکان
پێویستە زاخۆ لە داواکارییەکەی روونیبکاتەوە دەنگدانەکە کەی دەستیپێکردووە و کەی کۆتایی هاتووە. هەر دەنگیک چەند خاڵی لەسەربووە و دەنگەکان چۆن هەژمارکراون.
سێیەم: بەڵگە و پشتڕاستکردنەوە
◉ فیفا بەفەرمی لە ماڵپەڕی خۆی ئاماری دەنگدانەکەی بڵاکردووەتەوە، هەموو شتێکی بەوردی لەبارەی دەنگەکان ئاشکرا کردووە، زاخۆ پێویستە بڵاوکراوەکانی فیفا وەک بەڵگە پێشکەش بکات.
چوارەم: ناردنی بەڵگەکان
زاخۆ دەتوانێت پاش تەواوکردنی سەرجەم رێکارەکان، داواکارییەکە بۆ گینس بنێرێت، پێداچوونەوەی بۆ دەکرێت و لە کاتی دڵنیابوونەوە لە راستی و دروستی رووداوەکە، راستەوخۆ بەفەرمی ناوی زاخۆ تۆمار دەکەن و بڕوانامەی گینسی پێدەدەن.



