Loading...
ئیسپانیابازاڕی گواستنه‌وه‌راپۆرتی تایبەتگرنگترین

بڵاونامەی گرێبەستەکان 2026؛ پلانەکانی بارسێلۆنا بۆ گواستنەوەی یاریزانان چین؟

هەموو وردەکارییەک لەبارەی ئامادەکارییەکانی بارسێلۆنا بۆ بەشداریکردن لە مێرکاتۆی زستانە بزانە

Yariga App

یاریگا –

بەخێربێن بۆ بڵاونامەی گرێبەستەکانی بارسێلۆنا بۆ ساڵی 2026 و بازاڕی گواستنەوەی زستانە بەتایبەت.

بڵاونامەی گرێبەستەکان رووماڵێکی فراوان و چڕی بازاڕی گواستنەوەکانی یانە گەورەکان دەکات، ئەمیش بە پشتبەستن بە زانیاری میدیا گەورە و متمانە پێکراوەکانی وەرزشی جیهانی.

لە تۆڕی وەرزشی یاریگا تەواوی وردەکارییەکان پێش هەمووان بزانە. بڕیارە بازاڕی گواستنەوەی زستانە لە 1ی یەنایەر/کانوونی دووەمی داهاتوو دەستپێبکات و مانگێک بەردەوام دەبێت، بڵاونامەی گرێبەستەکانیش هەفتانە دەخرێتە بەر دیدی خوێنەرانی یاریگا.

بارسێلۆنا چاوی لە چییە؟

هەرچەندە پێشبینیدەکرێت بارسا بازاڕێکی گواستنەوەی زستانەی بێدەنگ بەڕێبکات، بەڵام ئەمە مانای ئەوەنییە لە ساڵی داهاتوودا، بارسێلۆنا بێدەنگ دەبێت. بارسا ئامادەکاری بۆ گۆڕانکاری گەورە کردووە.

گرنگترین کەیس کە بارسێلۆنا سەرقاڵکردووە، دۆزینەوەی ژمارە 9ی داهاتووە بۆ یانەکە.

گرێبەستی رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی لە هاوینی داهاتوو بەسەردەچێت، تۆڕی ئاتلێتیک بڵاویکردووەتەوە، دیارترین سیناریۆ بریتییە لە نوێ نەکردنەوەی گرێبەستی لیڤاندۆڤسکی.

ئەگەر ماوەی خواستنی مارکوس راشفۆرد تەواوبێت و یاریزانەکە بگەڕێتەوە مانچێستەر یونایتد، ئەوا بارسا ناچارە بۆ شوێنی راشفۆرد و لیڤاندۆڤسکی، یاریزانی نوێ بگوازێتەوە.

مارکوس راشفۆرد لەگەڵ بارسێلۆنا

بارسا بیر لە تۆکمەکردنی هێڵی بەرگری دەکات، ئەمەش بەهۆی لاوازی ئاستی هێڵەکە لەم وەرزەدا. هانزی فلیک داواکاری و دیدگای خۆی لەگەڵ دێکۆ، بەڕێوەبەری وەرزشی یانەکە گۆڕیوەتەوە.

لە هاوینی رابردوودا، ئینیگۆ مارتینێز، متمانەپێکراوترین بەرگریکار لەلای فلیک، یانەکەی جێهێشت و بەخۆڕایی پەیوەندی نەسڕ کرد. بارسێلۆنا نەک بەرگریکارێکی نوێی نەگواستەوە، بەڵکو هیچ یاریانێکیشی بۆ شوێنگرتنەوەی نەگواستەوە.

گرێبەستی ئاندرێس کریستێنسن، لە هاوینی داهاتوو بەسەردەچێت و هیچ ئاماژەیەک بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستی یاریانە دانیمارکییەکە نییە. کریستێنسن نەیتوانیوە خۆی لە پێکهاتەی بارسا بسەلمێنێت و شوێنێکی سەرەکی دەستەبەربکات.

بەرزی مووچەی کریستێنسن یەکێکی دیکەیە لە کێشەکانی بارسا، بۆیە بەڕێکردنی بەرگریکاری پێشووی چێڵسی، بژاردەیەکی کراوە و بەهێزە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی ئاتلێیتک، بارسێلۆنا بەلانی کەمەوە بەرگریکارێک بۆ دوو بەرگریکاری نوێ لە هاوینی داهاتوودا دەگوازێتەوە.

بارسێلۆنا چاودێری کێ دەکات؟

چیرۆکی گواستنەوەی یاریزانان لە بازاڕی گواستنەوەی زستانە دەستپێناکات و با هاندەرانی بارسێلۆنا دڵییان خۆش نەکەن.

ئەوەی خەونی تەواوی بارسێلۆنییەکانە، گواستنەوەی هێرشبەرێکی کوالێتی بەرزی خاوەن هەستی گۆڵکردنە.

ماوەیەکە باس لە گواستنەوەی خولیان ئالڤارێز، هێرشبەری ئاتلێتیکۆ مەدرید بۆ بارسا دەکرێت و وەکو گواستنەوەی خەونی خوان لاپۆرتا، سەرۆکی یانەکە وێنا دەکرێت، بەڵام گواستنەوەکە ئاسان نییە.

ئالڤارێز گونجاوترین بژاردەیە بۆ سیستمی بارسا و فلیک، چونکە یاریزانێکە تەواو لە شێوازی فشارکردن دەزانێت و ئەمەش باشترین بژاردەیە بۆ فلیک.

گرێبەستی ئالڤارێز لە هاوینی ساڵی 2030 لە ئاتلێتیکۆ بەسەردەچێت و بەهیچ شێوەیەک نیازی دەستبەرداربوونی لە هێرشبەرە ئەرجەنتینییەکە نییە.

بە سەیرکردنی دۆخی دارایی یانە کاتالوونییەکە، گواستنەوەی ئالڤارێز زۆر ئەستەمە و پێویستی بە شۆڕشێکی گەورە هەیە.

لە چەند هەفتەی رابردوودا، رۆژنامەکانی نزیک لە بارسێلۆنا دەنگۆی گواستنەوەی هاری کەین، هێرشبەری بایرن میونشنیان بڵاوکردووەتەوە.

تاوەکو ساتی نووسینی ئەم بابەتە، هیچ دەستپێشخەرییەک بۆ گواستنەوەی کەین نەکراوە، تەنانەت گواستنەوەی ئەستێرەیەکی گەورە بە دەرەنجامی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی بارسا پەیوەستە کە بڕیارە ساڵی داهاتوو بکرێت.

هیچ یاریزانێک بۆ دڵی بەرگری بارسا بەربژێر نەکراوە. دێکۆ خەریکە لەگەڵ فلیک دیدگای گواستنەوەکانی ساڵی داهاتوو دادەڕێژێت.

لە ماوەی رابردوودا چاودێری گۆنچالۆ ئیناسیۆ، بەرگریکاری باڵی چەپی سپۆڕتینگ لیسبۆن کراوە، کە هێشتا 18 مانگ بۆ بەسەرچوونی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانە پۆرتوگالییەکە ماوە.

ئەوەی روونە، بارسا هیچ هەنگاوێکی فەرمی نەناوە و هیچ نەکراوە.

بارسێلۆنا کێ دەفرۆشێت؟

هەرچەندە بۆ یانەیەکی وەکو بارسا، هێشتا زووە باس لەو یاریزانانە بکرێت کە یانەکە جێدەهێڵن، بەڵام هەندێک ناو بەربژێری سەرەکی بەڕێکردنن.

رۆناڵد ئاراوخۆ، بەرگریکاری ئوروگوایی بووەتە یەکێک لەو ناوانەی زۆر باس لە چوونە دەرەوەی دەکرێت، هەرچەندە لە سەرەتای ئەمساڵ، گرێبەستەکەی بۆ ماوەیەکی درێژ لەگەڵ بارسا نوێکردەوە.

ئاراوخۆ وەکو بناخەی هێڵی بەرگری بارسا بۆ داهاتوو دادەندرا، بەڵام لەم وەرزەدا ئاستێکی زۆر ناجێگیر پێشکەش دەکات و بووەتە پاڵێوراوی جێهێشتنی کامپ نۆو.

رۆناڵد ئاڕاوخۆ لەگەڵ بارسێلۆنا

ماڕک کاسادۆ، ناوێکی دیکەی پاڵێوراوە بۆ جێهێشتنی کامپ نۆو. هەرچەندە لە وەرزی رابردوودا، ئاستێکی بەرزی لەگەڵ بارسا پێشکەشکرد، بەتایبەت لە بردنەوە گەورەکانی بەرامبەر بایرن میونشن 4-1 و بردنەوەی کلاسیکۆ بەرامبەر ریال مەدرید 4-0، خۆری کاسادۆیان درەوشاندەوە.

لەم وەرزەدا کاسادۆ لە پلانەکانی فلیکدا نەماوە و پێناچێت چیدیکە کاتی زۆری پێبدرێت و لە هاوینی داهاتوودا، کۆتا بڕیار لەسەر گرێبەستەکەی دەدرێت.

تاوەکو ئێستا بارسا چیکردووە؟

بەهۆی قەیرانی داراییەوە، ئامانجی سەرەکی فلیک و دێکۆ، نوێکردنەوەی گرێبەستی ئەستێرەکانە.

هێشتنەوەی فرێنکی دی یۆنگ، بە دیارترین دەستکەوتی ماوەی رابردووی بارسێلۆنا دادەندرێت. یاریزانی نێودەوڵەتی هۆڵەندی گرێبەستەکەی تاوەکو هاوینی ساڵی 2029 نوێکردەوە و کۆتایی بە تەواوی دەنگۆکان هێنا.

دی یۆنگ بەردەوام وەکو سەرکردەی هێڵی ناوەڕاست لە بارسێلۆنا سەیر دەکرێت و شان بە شانی پێدری، کڕۆکی یانەکەن.

بابەتی زیاتر

Back to top button