ئێستێڤاو دوای گۆڵە ناوازەکەی: نازانم چۆن گوزارشت لە هەستەکانم بکەم
''خۆشترین ساتی ژیانمە''

یاریگا –
ئێستێڤاو، ئەستێرەی لاوی چێڵسی نازانێت چۆن گوزارشت لە هەستەکانی بکات، دوای بردنەوە گەورەکەی چێڵسی بەرامبەر بارسێلۆنا 3-0 لە چامپیۆنزلیگ.
چێڵسی بە ئاستێکی بەرز لە بارسێلۆنای بردەوە و بەشێوەیەکی کاتی خۆی گەیاندە پلەی پێنجەمی ریزبەندی چامپیۆنزلیگ.
خاوەن هەشت پلەی یەکەمی ریزبەند راستەوخۆ دەگەنە قۆناخی 16ی پاڵەوانیەتییەکە، کەچی یانەکانی پلەی 9 تاوەکو 24، بە یاریی پلەی ئۆف هەشت یانەی دیکە دەگەنە قۆناخی دواتر.
ئێستێڤاو لە تەمەنی 18 ساڵ و 215 رۆژدا، دوای سێ بەشداری لە چامپیۆنزلیگ، یەکەم گۆڵی کرد، بەڵام نەیتوانی وەکو بچووکترین یاریزان ریکۆردی کیلیان ئێمباپێ (18 ساڵ و 113 رۆژ) و ئێرلینگ هالاند (19 ساڵ و 107 رۆژ) لە چامپیۆنزلیگ بشکێنێت.
ئێستێڤاو لە دوای یارییەکە قسەی بۆ ئەمازۆن پڕایم کرد؛
نازانم چۆن گوزارشت لە هەستەکانی خۆم بکەم، بەڕاستی شەوێکی ناوازە بوو، زۆر دڵخۆشم.
چێڵسی بە گۆڵێکی هەڵەی ژووڵ کۆندێ، گێمی یەکەمی یارییەکەی تەواوکرد، دواتر ئێستێڤاو گۆڵێکی ناوازەی کرد و لیام دێلاپیش دوا گۆڵی یارییەکەی کرد؛
هەموو شتێک زۆر بەخێرایی روویدا، وەکو ئەوە وابوو پێشتر گۆڵەکە کرابوو. بۆشایم دۆزیەوە و رێگەی خۆم بەرەو گۆڵ کردەوە، گۆڵەکەشم کرد. بەڕاستی ساتێکی نائاساییە لە کاروانی وەرزشیمدا، هیوادارم گۆڵی زیاتر بکەم.
یەکێکە لە خۆشترین ساتەکانی کاروانی وەرزشیم تاوەکو ئێستا.



