Loading...
ئیسپانیاراپۆرتی تایبەتگرنگترین

کۆبوونەوەیەکی سێقۆڵی؛ پەیامێکی یەکلاییکەرەوە لە ئێمباپێ، ڤینی و بێڵینگهامەوە

ئەستێرەکانی مەدرید کۆبوونەوەی داخراو و دوور لە میدیا دەکەن

Yariga App

یاریگا –

هەرچەندە لە ریال مەدرید هەموو چاوەکان لەسەر کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتی یانەکەیە بە سەرۆکایەتی فلۆرێنتینۆ پێرێز لە ڤالدێبێباس، بەڵام کۆبوونەوەیەکی یەکلاییکەرەوەتر لە ژوورە داخراوەکانی مەدرید کراوە.

رۆژنامەی ئاس بڵاویکردووەتەوە، دۆخی ناهەمواری دوای یارییەکەی بەرامبەر رایۆ ڤاییکانۆ، گرژی لە نێو یانەکە دروستکردبوو، ئەمەش وایکرد کۆبوونەوەیەکی ناوخۆیی فراوان بکرێت و هەمووان بە راشکاوی باس لە چارەسەری دۆخەکە بکەن.

بێنزێما گڕی لە گفتوگۆکان بەرداوە

کەریم بێنزێما، ئەستێرەی فەڕەنسی لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەی ئاس، ئامۆژگارییەکی ئاڕاستەی یاریزانانی ریال مەدرید کرد. بێنزێما باسی لە خاڵە سەرەکییەکان کرد کە پێویستە گۆڕانکارییان بەسەردا بێت، تاوەکو لەگەڵ شێوازی چابی ئاڵۆنسۆ بگونجێت.

قسەکانی بێنزێما کاردانەوەی لە ژووری جلگۆڕینی مەدرید دروستکرد، تەنانەت هەریەکە لە کیلیان ئێمباپێ، جود بێڵینگهام و ڤینیسیۆس جونیۆری بە دانیشتنێکی داخراو ناچارکرد، تاوەکو رۆڵ و بەرپرسیارێتییەکان روونبکەنەوە.

رۆژنامەکە نووسیویەتی؛

بیرۆکەکە زۆر سادەیە، هەر یاریزانێک ئەو کارە بکات کە تیایدا زیرەکە، بەبێ ئەوەی بچێتە نێو هیچ ململانێ و ناکۆکییەک.

پەیوەندی کەسی نێوان ئێمباپێ، ڤینیسیۆس و بێڵینگهام باشە، بەڵام ناکۆکی تەکتیکی زۆر روونە لە نێو یاریگا. کۆبوونەوەی سێقۆڵی یاریزانەکان، بۆ داخستنی ئەم کەیسە بوو، هەروەها جارێکی دیکە ئاوێتەبوونیان لە نێو یاریگا دروست بکەنەوە.

پەیامێکی روونی ئاڵۆنسۆ

دوای گەڕانەوەی ئەستێرەکان لە یارییەکانی نێودەوڵەتی، ئاڵۆنسۆ لە دەستپێکردنەوەی مەشقەکان جەختیکردەوە، دەبێ کێشە سەرەکییەکە چارەسەر بکرێت.

کێشەی سەرەکی بەڕای ئاڵۆنسۆ، ونبوونی رۆحی بەکۆمەڵی یاریزانانە. ئاڵۆنسۆ داوای رۆحی یاریزانان لە یاریی کلاسیکۆ دەکات و بەڕوونی بە یاریزانانی گوتووە، ئەوەی ئێستا دەکرێت، زۆر لە رۆحیەتی یاریزانانی مەدرید دوورە.

ئاڵۆنسۆ چەندین داواکاری لە یاریزانان هەبووە لەوانە؛

  • زیادکردنی فشار
  • ماندووبوونی بەکۆمەڵ
  • زیادکردنی بڕینی یاریزانان
  • رۆحی بەرگریکردنی بەکۆمەڵ

ئاڵۆنسۆ تەواو تێگەیشتووە، ئەوەی لە یارییەکانی بەرامبەر لیڤەرپوول و ڤاییکانۆ روویدا، هەرگیز پەیوەندی بە ئاستی تاکەکەسی نەبووە، بەڵکو داڕمانێکی بەکۆمەڵی یاریزانان بووە.

لە دوو هەفتەی رابردوودا، ئاڵۆنسۆ بە وردی کاری لەسەر چارەسەرکردنی کێشەکەی کردووە، تاوەکو بۆ یارییەکانی داهاتوو، تیمەکەی لەڕووی بەکۆمەڵەوە تەواو ئامادە بکات.

سیناریۆی ئانچێلۆتی دووبارەدەبێتەوە

ئەمجۆرە کۆبوونەوانە لە ریال مەدرید نوێ نین، بەڵکو ساڵێک بەر لە ئێستا، کارلۆ ئانچێلۆتی، راهێنەری ئێستای بەڕازیل و ئەوکاتی ریال مەدرید، کۆبوونەوەیەکی هاوشێوەی بۆ دووبارە بارگاوی کردنی یاریزانان کرد.

ئانچێلۆتی بە ڤیدیۆ خاڵە لاوازەکانی یانەکەی دەستنیشانکرد، بەگوێرەی زانیاری رۆژنامەکە، ئەم جۆرە کۆبوونەوانەی ئانچێلۆتی کاردانەوەی ئەرێنی دروستدەکرد، بەڵام کاریگەرییەکەشی نەدەما.

بابەتی زیاتر

Back to top button