
یاریگا –
لیژنەی ئۆڵێمپیی عێراق بە فەرمی رایگەیاند عەبدولسەلام خەلەف، جێگری یەکەمی سەرۆک، بۆ ماوەیەکی کاتی دەسەڵاتی بەڕێوەبردنی کاروباری ئۆڵێمپیی پێدراوە. ئەم بڕیارە لە کاتێکدایە کە سەرۆکی لیژنەکە، دکتۆر عەقیل موفتن لەگەڵ خەزێنەی ئەمریکا. رووبەڕووی کێشەیەکی یاسایی گەورە بووەتەوە ناوی چووته لیستی سزادراوان.
ھۆکاری گۆڕانکارییە کاتییەکە: سزاکانی ئەمریکا
بڕیارەکە دوای ئەوە دێت کە لە مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵدا، وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا (OFAC) سزای بەسەر دکتۆر عەقیل موفتندا سەپاند. بەپێی زانیارییە بڵاوکراوەکان، ئەمریکا موفتنی بەوە تۆمەتبار کردووە کە پەیوەندیی نزیکی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ھەواڵگریی سوپای پاسدارانی ئێران ھەبووە و یارمەتیی کۆکردنەوە و گواستنەوەی پارەی بۆ داون.
لە بەیاننامەی لیژنەی ئۆڵێمپیی عێراقدا ھاتووە کە ئەم بڕیارە “لەپێناو پاراستنی رەوتی وەرزشیی عێراق لە ھەر کێشەیەکی یاسایی یان بەربەستێک کە کاریگەریی لەسەر گەشەسەندنی وەرزش لە مەیدانە جیھانی و کیشوەرییەکاندا ھەبێت” دراوە.
ئەمەش ئاماژەیەکی روونە بۆ ئەوەی کە لیژنەکە نایەوێت بەھۆی سزاکانی سەر سەرۆکەکەیەوە، تووشی کێشەی دارایی یان کارگێڕی بێت لە ئاستی نێودەوڵەتیدا به تایبهت كه ههڵبژاردهی عێراق یهك ههنگاو له گهیشتن به جامی جیهانی دووره.
وردەکاریی بڕیارەکە و دۆخی ئێستا
بەپێی بەیاننامەکە، دکتۆر عەقیل موفتن بەپێی پێداویستییەکانی کار و پابەندبوون بە پەیماننامەی ئۆڵۆمپی، بە دەستپێشخەریی خۆی، دەسەڵاتی بەڕێوەبردنی کاروباری ئۆڵۆمپیی بە شێوەیەکی کاتی رادەستی عەبدولسەلام خەلەف، جێگری یەکەمی سەرۆک، کردووە. ئەم رێکارە یاساییە لەلایەن لیژنەی ئۆڵۆمپیی نێودەوڵەتیشەوە (IOC) ئاگادار کراوەتەوە.
ئەم گۆڕانکارییە کاتییە تاوهكو کاتی یەکلاییکردنەوەی دۆسیەکەی دکتۆر موفتن لەگەڵ خەزێنەی ئەمریکا دهبێت
موفتن: تۆمەتەکان دوورن لە راستی
لە بەشێکی تری بەیاننامەکەدا، لیژنەی ئۆڵۆمپیی عێراق جەختی لەسەر لێدوانەکانی دکتۆر موفتن کردەوە کە تیایدا رایگەیاندووە، ئەو تۆمەتانەی لەبارەی ئەم دۆسیەیەوە بڵاوکراونەتەوە، “ھیچ پەیوەندییەکیان بە راستییەوە نییە و تەنیا بوختان و قسەی ناڕاستن کە ئامانجیان شێواندن و دروستکردنی ئاژاوەیە.”
ھەروەھا ئاماژەی بەوەدا کە سەرۆکی لیژنەکە تیمێکی تایبەتمەندی لە پارێزەران راسپاردووە بۆ بەدواداچوونی دۆسیەکەی لەگەڵ خەزێنەی ئەمریکا.



