
یاریگا –
زیکۆ ستایشی سەرکەوتن و ژیانی وەرزشیی نائاسایی كریستانۆ رۆناڵدۆی پۆرتوگالی کرد.
ئەفسانەی تۆپی پێی بەڕازیل، زیکۆ، پێیوایە کە کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ، کاپتنی یانەی نەسری سعودی، ئەو نموونە باشهیه کە ھەر یاریزانێکی گەنج لە سەرەتای ژیانی پیشەگەرییدا دەبێت بیکاتە پێشەنگی خۆی.
زیکۆ، کە لە سەردەمی زێڕینی خۆیدا (کۆتایی حەفتاکان تا ناوەڕاستی ھەشتاکان) یەکێک بوو لە باشترین یاریزانەکانی جیھان، تاوهكو ئێستاش وەک یەکێک لە باشترین جێبەجێکارانی لێدانی ڕاستەوخۆ لە مێژوودا پۆلێن دەکرێت.
ئەفسانەکەی پێشووی یانەکانی فلامینگۆ و ئۆدینیزی، رۆژی پێنجشەممە لە رێگەی پلاتفۆرمێکی بەڕازیلییەوە قسەی کرد، کاتێک پرسیارێکی لەبارەی ئەفسانە کریستیانۆ رۆناڵدۆوە لێکرا.
کاتێک پێشکەشکارەکە پرسیاری لێکرد کە ئایا رۆناڵدۆ کەمی لەخۆبوردوویی نیشان دەدات کاتێک دەڵێت من باشترین یاریزانی مێژووم، زیکۆ وەڵامی دایەوە،
“نەخێر، پێویستە ئەوە بڵێت! خەڵک وا قسە دەکەن وەک ئەوەی ئەو تەنیا گۆڵکارێک بێت، بەڵام ئەو بەو بەھرەی لەدایک نەبووە کە یاریزانەکانی تر ھەیانبوو، لەگەڵ ئەوەشدا، بەھۆی تەرخانکردنی ژیانی بۆ تۆپی پێ، بووە باشترین. تەمەنی 40 ساڵە و لە زۆرێک لە گەنجەکان زیاتر رادەکات.”
زیکۆ درێژەی بهقسهكانیدا و گوتی:
“ھیوادارم دوو ھەزار گۆڵ بکات، ئەو تووشی پێکان نابێت، ھەرگیز لە یاریگا دوورناکەوێتەوە، ھەرگیز واز لە راھێنان ناھێنێت، شەوانە ناچێتە دەرەوە. ئەگەر من ئەمڕۆ دەستم بە ژیانی وەرزشی بکردایە، ئەو دەبووە پێشەنگی من.”
ئەفسانە بەڕازیلییەکە ھەروەھا رایگهیاند،
“نیگەرانم کە تاوهكو ئێستا لە نزیکەوە نەمدیوە. ھیوادارم رۆژێک بیبینم بۆ ئەوەی باوەشی پێدا بکەم و پیرۆزبایی ژیانی وەرزشیی لێبکەم.”
زیکۆ، کە لە لای باوکییەوە ڕەچەڵەکی پورتوگالییە، یەکێکە لە ھەوادارە دیارەکانی یانەی سپۆرتینگ لیسبۆنەی پورتوگالی، ھەروەھا بە تۆمارکردنی 48 گۆڵ، پێنجەمین گۆڵکاری مێژووی ھەڵبژاردەی بەڕازیلە، سەرەڕای ئەوەی ھێرشبەر نەبوو.
رۆناڵدۆ و ئامانجی 1000 گۆڵ
کریستیانۆ رۆناڵدۆ تاوهكو ئێستا 953 گۆڵی لە ژیانی وەرزشیدا لەگەڵ یانەکان و ھەڵبژاردەی پۆرتوگال کردووە و بە ھەنگاوی جێگیر بەرەو گەیشتن بە ژمارەیەکی ئەفسانەیی و پێوانەیی 1000گۆڵ لە یارییە فەرمییەکاندا دەڕوات.
رۆناڵدۆ دوای کۆتاییھاتنی یارییەکانی ھەڵبژاردەکەی، بەھۆی راگیرانەوە لە یاریی کۆتاییدا ئامادە نەبوو، بڕیارە لە چەند کاتژمێری داھاتوودا بگەڕێتەوە بۆ راھێنانەکانی یانەی نەسر، بۆ خۆئامادەکردن بۆ یاریی بەرامبەر یانەی خلیج لە گەڕی نۆیەمی خولی سعودی، کە رۆژی یەکشەممەی داھاتوو لە یاریگای ئەول پارک بەڕێوەدەچێت.



