Loading...
ئیسپانیاراپۆرتی تایبەتگرنگترین

پڕۆژەی لەیادکراوی کامپ نۆو؛ پڕۆژە ناوازەکەی ئەندازیار فۆستەر کە بارسێلۆنا رەتیکردەوە

رۆژنامەی ئاس پڕۆژەیەکی لەیادکراوی کامپ نۆو بەبیر هاندەران دەهێنێتەوە

Yariga App

یاریگا –

بارسێلۆنا لە ساڵی 2007 ئامادەکاری بۆ فراوانکردن و نۆژەنکردنەوەی یاریگای کامپ نۆو داڕێشت.

خوان لاپۆرتا گرێبەستێکی ناوازەی لەگەڵ نۆرمان فۆستەر، ئەندازیاری بەناوبانگی بەریتانی واژۆکرد، تاوەکو یاریگایەکی ناوازە بۆ بارسێلۆنا دیزاین بکات.

فۆستەر خاوەنی دیزاینی یاریگا ناوازەکانی وەکو وێمبڵی، لوسەیل و ئۆڵدترافۆردی نوێیە. هەروەکو پێشبینیدەکرا، دیزاینێکی ناوازەی بۆ کامپ نۆو ئامادەکرد.

پڕۆژەی نوێکردنەوەی کامپ نۆو لە ساڵی 2007 لە سەردەمی سەرۆکایەتی خوان لاپۆرتا پێشکەشکرا، بەڵام لەگەڵ دەستبەکاربوونی کارگێڕی نوێی یانەکە لە ساڵی 2010، بیرۆکەکە بەتەواوی رەتکرایەوە و دیزاینەکە چووە نێو ئەرشیڤ.

نۆرمان فۆستەر، ئەندازیاری بەریتانی و خاوەنی دیزاینەکە

بۆچی پڕۆژەکە رەتکرایەوە؟

بارسێلۆنا بە هۆکاری جیاواز پڕۆژەکەی رەتکردەوە کە دیارترینیان گۆڕینی تەواوی ئەندامانی دەستەی کارگێڕی بوو.

لەلایەکی دیکەوە، لەگەڵ دەستبەکاربوونی دەستەی کارگێڕی و سەرۆکی نوێ، دیدگای یانەکە بەتەواوی لەڕووی دارایی و وەرزشییەوە گۆڕا.

ئەوکاتە دۆخی دارایی بارسێلۆنا ئاڵۆزبوو و دەستەی کارگێڕی لە دابینکردنی بوودجە دڵنیا نەبوو، بۆیە ترسی لە شکستهێنانی پڕۆژەکە بۆ دروستببوو و بوێری دەستپێکردنی نەبوو

پڕۆژەکە بە دەوروبەری کامپ نۆوش پەیوەستبوو، بۆیە ئاڵۆزی لە بیناسازییەکەی هەبوو و پێویستی بە مۆڵەتی شارەوانی و حکومەتی خۆجێی کاتالوونیا هەبوو.

دیزاینی ئەوکاتەی کامپ نۆو، خەڵاتی گەورە لەسەر ئاستی بیناسازی نێودەوڵەتی بەدەستهێنا، بەڵام پڕۆژەکە رووناکی نەبینی و لەباربرا.

یاریگایەکی نوێ بە خەسڵەتی کۆن

فۆستەر هەموو هەوڵێکیدا، دیزاینی یاریگایەکە هاوچەرخ بێت، بەڵام پارێزگاری لە رۆحی یانەکە بکات.

یەکێک لە دیارترین پلانەکانی فۆستەر، بریتیبوو لە پارێزگاریکردن لە پێکهاتەی کۆنکریتی رەسەنی کامپ نۆو، تاوەکو دەستکاری بناخەکەی نەکرێت.

فۆستەر ویستی ئاوێتەبوونێک لە شوێنی دانیشتنی نوێی هاندەران دروستبکات و لەڕووی بیناسازییەوە، دیزاینێکی ناوازەی ئامادەکردبوو.

رووی دەرەوە و سەرەوەی کامپ نۆو بە تەواوی دەگۆڕدرا، بەڵام بەهیچ شێوەیەک دەستکاری ناواخنی یاریگاکە نەدەکرا، تاوەکو رەسەنایەتی کامپ نۆو بپارێزرێت.

ئیلهام وەرگرتن لە گاودی

ئەندازیارە بەریتانییەکە، ئیلهامێکی زۆری لە کارەکانی ئانتۆنیۆ گاودی، گەورە ئەندازیاری کاتالوونیا وەرگرت، بەتایبەت لە هەڵبژاردنی رەنگەکانی بەرگی دەرەوەی یاریگاکە.

بەگوێرەی دیزاینەکە، یاریگای کامپ نۆو بە پانێڵی شەفاف دەڕازێندرایەوە، بیرۆکەکەش لە شێوازی تایبەتی بیناسازی گاودی وەرگیرابوو کە بە شێوازی ترێنکدیس بەناوبانگە.

ئەگەر دیزاینی کامپ نۆو جێبەجێکرابووایە، ئەوا دەبووە ناوازەترین یاریگای جیهان، بەڵام پڕۆژەکە لەباربرا.

دیارترین کارەکانی گاودی

  • کڵێسای ساگرادیا فامیلیا
  • کاسا باتلۆ
  • کاسا میلا
  • ئێل کاپریچۆ

زیادکردنی ژمارەی کورسییەکان

بەگوێرەی دیزاینی فۆستەر، کامپ نۆوی دیزاینکراو توانای لەخۆگرتنی 105 بۆ 106 هەزار هاندەری هەبوو، ئەمەش دەیکرد خاوەن ریکۆردی زۆرترین کورسی لەسەر ئاستی ئەوروپا.

بابەتی زیاتر

Back to top button