یاساکانی فەڕەنسا دەگۆڕێت؛ گەڕێکی دیکەی جەنگی نێوان ئێمباپێ و سانجێرمان دەستپێدەکات
کیلیان ئێمباپێ یاساکانی وەرزشی لە فەڕەنسا دەخاتە ژێر پرسیاری گەورە

یاریگا –
ناکۆکی یاسایی نێوان کیلیان ئێمباپێ و پاریس سانجێرمان پێدەنێتە قۆناخێکی نوێ.
دادگای کاروباری کۆمەڵایەتی فەڕەنسا لەبارەی کەیسی پارەی هەڵپەسێردراوی نێوان کیلیان و سانجێرمان کۆبووەوە و جارێکی دیکە، نوێنەرانی کاپتنی فەڕەنسا، داوای خەرجکردنی بڕی 55 ملیۆن یۆرۆی لە پاریس کرد، کە وەکو مووچە و پاداشتی خەرج نەکراو لەلای یانە پاریسییەکە ماوەتەوە.
تیمی یاسایی ئێمباپێ زیاتر لە یەک ساڵە خەریکی کەیسی پارەی ‘خوراوی’ کیلیانن لەلایەن پاریس سانجێرمان. گرێبەستی کیلیان لە هاوینی ساڵی 2024 لە پاریس تەواوبوو، ئەستێرەکە بەبێ بەرامبەر پەیوەندی بە ریال مەدرید کرد.
پاریس سانجێرمان دەڵێت، لە ئۆگەست/ئابی ساڵی 2023 بەشێوەیەکی زارەکی لەگەڵ ئێمباپێ رێککەوتن و تیایدا کیلیان سازشی لەسەر بڕی 55 ملیۆن یۆرۆی مووچە و پاداشتەکان کرد، بەڵام ئێمباپێ بیانووی سانجێرمان رەتدەکاتەوە، چونکە هیچ بەڵگەیەکی یاسایی نییە.

دەستپێکی ناکۆکییەکان
قەیرانەکە لە ساڵی 2023 دەستیپێکرد، ئەوکاتە ئێمباپێ بە نووسراوێکی فەرمی پاریس سانجێرمانی لە نوێنەکردنەوەی گرێبەستەکەی لە هاوینی ساڵی 2024 ئاگادار کردەوە.
وەڵامی سانجێرمان زۆر توند و خێرا بوو، دەستبەجێ ئێمباپێ لە گەشتی ئامادەکاری وەرز لە ژاپۆن دوورخرایەوە، دوای چەند هەفتەیەک ئێمباپێ و ناسڕ خلێفی، سەرۆکی سانجێرمان کۆبوونەوە. ئەوکاتە میدیاکانی فەڕەنسا بڵاویانکردەوە، رێککەوتنێکی زارەکی لە نێوان هەردوولا کراوە و ئێمباپێ لە ئەگەری جێهێشتنی پاریس سانجێرمان، دەستبەرداری تەواوی شاییستەکانی دارایی دەبێت.
دوای تێپەڕبوونی چەند مانگێک، میدیاکانی فەڕەنسا ئاشکرایانکرد، رێککەوتنی نێوان کیلیان و خلێفی هیچ پاڵپشتییەکی یاسایی نییە و بەبەڵگە نەکراوە، ئەمەش دەرگای لەبەردەم ئێمباپێ کردەوە، تاوەکو لە دادگا داوای پارەکانی بکات.
لە مایس/مایۆی رابردوودا، پارێزەری ئێمباپێ لەڕێگەی دادگاوە، بڕی 55 ملیۆن یۆرۆی سانجێرمانی بڵۆک کرد، بەڵام هەرزوو دادگای تێهەڵچوونەوە بە بیانووی نەبوونی پارێزبەندی تەواو، بڕیارەکەی گۆڕی و پارەکانی سانجێرمانی ئازادکردەوە.

جەنگی یاسایی چارەسەرە؟
کەیسەکە تەنیا بە خەرج نەکردنی مووچە و پاداشتەکانی ئێمباپێ پەیوەست نییە، بەڵکو دادگای کاروباری کۆمەڵایەتی فەڕەنسا، لێکۆڵینەوە و وردبینی بۆ گرێبەستی واژۆکراوی نێوان پاریس و ئێمباپێ لە ساڵی 2022 کردووە، هەرچەندە گرێبەستەکە بە کاتی ناونراوە.
ئێمباپێ داوایکردبوو، شێوازی گرێبەستەکە لە کاتییەوە بۆ ‘وادەی نادیار’ بگۆڕدرێت، ئەمەش بە پشتبەستن بە کەیسێکی هاوشێوەی ئادریان رابیۆ کە چەند مانگێک پێش ئەو کاتە روویداوە. ئەوکاتە دادگای تێهەڵچوونەوەی پاریس بڕیاری لە بەرژەوەندی رابیۆ لە دژی پاریس سانجێرماندا، بیانووەکەشی بریتیبوو لە ”بەکارهێنانی کەلێنی یاسایی لە گرێبەستەکە لە بەرژەوەندی خۆی”.
ئەگەر دادگا بڕیارێکی هاوشێوەی رابیۆ بدات، ئەوا مافەکانی دارایی کیلیان دوو ئەوەندەی لێدێت و لەوانەیە جگە لە مووچە و پاداشتەکان، چەندین لایەنی دیکەشی قەرەبوو بکرێنەوە، ئەمەش بەگوێرەی یاسای گرێبەستەکانی هەمیشەیی فەڕەنسا.

گۆڕینی یاساکانی فەڕەنسا
هەرچەندە دوا بڕیاری دادگا لەوانەیە چەند مانگێک بخایەنێت، بەڵام کۆبوونەوەی ئەمڕۆی دادگاکە گرنگە، چونکە کاریگەری لەسەر داهاتووی یاساکانی وەرزشی فەڕەنسا دەبێت.
یەکەمجارە لە مێژووی دادوەری فەڕەنسا کەیسێکی لەمجۆرە ناکۆکی یاسایی دروستبکات، ئەمەش ئیتر یانەکان ناچار دەکات، پێداچوونەوە بە شێوازی ئامادەکردنی گرێبەستی یاریزانان بکەن، بەتایبەت گرێبەستە کاتییەکان.
پاریس سانجێرمان لەلای خۆیەوە هەڵوێستی خۆی نەگۆڕیەوە و دووپاتیدەکاتەوە، ئێمباپێ بە زارەکی بە خلێفی گوتووە، دەستبەرداری تەواوی شاییستەکانی دارایی دەبێت، ئەمەش هەڵوێستی سانجێرمان لە دادگا بە لاوازی دەهێڵێتەوە، چونکە هیچ پاڵپشتییەکی یاسایی نییە و تۆمارنەکراوە.



