نۆیەم راهێنەر لە خولی ئەستێرەکانی عێڕاق دەستی لەکارکێشایەوە
عیسام حەمەد وازی لە راهێنەرایەتی ئەمانەی بەغدا هێنا

یاریگا –
تەنیا شەش گەڕ تێپەڕیوە لە خولی ئەستێرەکانی عێڕاق، نۆیەم راهێنەر دەستی لەکار کێشایەوە.
دوای ئەنجامەکانی ئەم دواییەی تیپەکەی، عیسام حەمەد، راهێنەری ئەمانەی بەغدا بە فەرمی دەست لەکارکێشانەوەی پێشکەشی کارگێڕی یانەکە کرد، دوای کۆبوونەوەی نا ئاسایی کارگێڕی ئەمانە بڕیاریدا بە قبوڵکردنی دەست لەکارکێشانەوەی راهێنەری تیپەکە.
لە کۆی شەش یاریی ئەم وەرزە ئەمانەی بەغدا دوو سەرکەوتن و چوار شکستی هەیە و لە ریزبەندی 15ـەی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق دێت، پێش دەسپێکی خولەکەش یانەکە سفیان فیغۆلی ئەستێرەی جەزائیری گواستەوە ریزەکانی و لە سەرجەم یارییەکانیشدا بە شێوەی یەدەگ یاریی کردووە.
عیسام حەمەد بووە نۆیەم راهێنەر لەم وەرزەی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق واز لە ئەرکەکەی بهێنێت، پێشووتر هەریەک لە یانەکانی زەوڕا ، دهۆک ، نەورۆز ، نەفتی میسان ، نەجەف ، گەڕمە ، تەڵەبە لەگەڵ کارەبا راهێنەریان گۆڕیوە.



