
یاریگا –
جەنگی لێدوانەکان لەنێوان لیۆنێل مێسی و کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ، جارێکی تر گەرم بووەوە.
دوای ئەوەی ڕۆناڵدۆ لە چاوپێکەوتنێکدا گرنگیی بردنەوەی جامی جیهانی کەمکردەوە، مێسی لە وەڵامێکی یەکلاییکەرەوە، بەهای ئەو نازناوەی بە لووتکەی پیشەی هەر یاریزانێک وەسف کرد.
چیرۆکەکە کاتێک دەستیپێکرد کە کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ پێشکەشکاری بەناوبانگ، پیێرس مۆرگان، رایگەیاند،
“بردنەوەی جامی جیهانی خەونی من نییە، ئایا دەتانەوێت بە پاڵەوانێتییەک کە لە 6 یان 7 یاری پێکدێت، باشترین یاریزانی مێژوو دیاری بکەن؟ پێتان وایە ئەمە دادپەروەرانەیە؟”
ئەم لێدوانەی دۆن مشتومڕێکی گەورەی لەنێو هاندەراندا دروست کرد، بەتایبەت دوای ئەوەی مێسی ڕکابەری ، توانی لە مۆندیالی 2022ی قەتەردا ئەو نازناوە بەدەستبهێنێت کە رۆناڵدۆ لە پێنج بەشدارییدا لێی بێبەش بووە.
Lionel Messi’s insane entrance at the American Business Forum 🐐 pic.twitter.com/3Cyv9hm9KR
— MessiMania (@M10Update) November 5, 2025
مێسی: “بردنەوەی جامی جیهانی، کۆتایی هەموو شتێکە”
وەڵامی مێسی زۆری نەخایاند. لە وتارێکیدا لە کۆڕبەندی بازرگانیی ئەمریکی، کاپتنەکەی ئینتەر مەیامی بە شێوەیەکی هێمنانە بەڵام یەکلاییکەرەوە، وەڵامی رۆناڵدۆی دایەوە و گوتی،
“بۆ هەر یاریزانێک، بردنەوەی جامی جیهانی گەورەترین شتە کە دەتوانێت بەدەستی بهێنێت. هەروەک چۆن هەر کەسێک لە کارەکەیدا دەگاتە لووتکەی پیشەکەی، هیچی تر لەوە بەرزتر نییە.”
ئەفسانە ئەرجەنتینییەکە زیاتر دوا و گوتی،
“دوای جامی جیهانی، ناتوانیت داوای هیچی تر بکەیت، من بەختم هەبوو کە پێشتر هەموو شتێکم لەسەر ئاستی یانە و تاکەکەسیش بەدەستهێنابوو، بۆیە بردنەوەی مۆندیال وەک ئەوە بوو کە ژیانی وەرزشیی خۆمم بە جوانترین شێوە دابخەم.
مێسی هەروەها ئاماژەی بەو ڕێگا سەختە کرد کە بڕیویەتی و گوتی،
بە سەختیی زۆردا تێپەڕیم، بەڵام هەرگیز بێ هیوا نەبووم، هیچ کاتێک ئاوڕم بۆ دواوە نەدایەوە و تەنیا چاوم لە خەونەکانم بووه.



