
یاریگا –
تۆماس توخێلی ڕاهێنەری هەڵبژاردەی ئینگلتەرا، لە لێدوانێکی چاوەڕواننەکراودا، هەڵبژاردەکەی وەک لاوازترین پاڵێوراو بۆ بردنەوەی جامی جیهانیی داهاتوو وەسف کرد و جەختی لەوە کردەوە کە نابێت تیپەکەی فشاری پاڵێوراوێتیی لەسەر بێت.
هەڵبژاردەی ئینگلتەرا لهگهڵ ڕاهێنەری پێشوو، گاریس ساوسگەیت، گەیشتە قۆناخی پێش کۆتایی جامی جیهانی و دوو یاریی کۆتایی جامی نەتەوەکانی ئەوروپا، بەڵام لە ساڵی 1966 نەیتوانیوە جامی جیهانی یان هیچ نازناوێکی گەورەی تر بەدەستبهێنێت.
توخێل، پێش یارییە دۆستانەکەیان بەرامبەر وێڵز کە ئەمڕۆ پێنجشەممە بەڕێوەدەچێت، بە ڕۆژنامەنووسانی گوت،
“ئێمە وەک لاوازترین پاڵێوراو دەگەینە جامی جیهانی، چونکە دەیان ساڵە نازناوهكهمان نەمانبردووەتەوە، و ڕووبەڕووی چهند ههڵبژاردهیهك دەبینەوە کە لەو ماوەیەدا چەندین جار نازناوەکەیان بەدەستهێناوە.”
“Our full support goes out to everyone affected.” 💙
Thomas Tuchel on the importance of tonight’s @alzheimerssoc International. pic.twitter.com/RCX7oicAeL
— England (@England) October 9, 2025
راهێنەرە ئەڵمانییەکە بۆ زیاتر ڕوونکردنەوەی قسەکانی گوتی،
ئێمه پاڵێوراوی سەرەکی نین، هەڵبژاردەکانی وەک بەڕازیل، ئەرجەنتین، ئیسپانیا و فەرەنسا هەن کە بەم دواییانە نازناوەکەیان بردووەتەوە.”
گوتیشی،
ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کە ئێمە هیچ چانسێکمان نییە، سەرەتا سەردەکەوین و دواتر بە وردی دەزانین بۆچی دەچینە ئەوێ، دەمانەوێت بگەینە دوورترین قۆناخ، بەڵام دەبێت ڕۆڵی ئێمە ڕوون بێت.”
توخێل جەختی کردەوە: “هیچ هۆکارێک نابینم بۆ ئەوەی فشاری ئەوە لەسەر خۆمان دابنێین کە پاڵێوراوی سەرەکیین بۆ بردنەوەی نازناوەکە، ئێمە خەریکی دروستکردنی تیپێکین کە ئامادەیە هەنگاو بە هەنگاو پێشبکەوێت، و هیچ کەس ئاواتەخواز نەبێت یاریی لە دژ بکات.”
“تیپ دروست دەکەین، نەک کۆکردنەوەی یاریزانی بەهرەمەند”
توخێل هەمان پێکهاتەی مانگی ڕابردووی پاراست کە توانیبووی لە هەردوو هەڵبژاردەی ئەندۆرا و سربیا بباتەوە لە پاڵاوتنەکانی جامی جیهانیدا، بەڵام بۆ یارییەکانی ئەم مانگە بەرامبەر وێڵز و لاتڤیا، هەریەکە لە جود بێلینگهام و فیل فۆدینی دوورخستەوە.
ڕاهێنەرە ئەڵمانییەکە، کە لە مانگی یەکی ڕابردوودا جێگەی ساوسگەیتی گرتەوە، گوتی،
“ئێمە بەهرەمەندترین یاریزانەکان کۆناکەینەوە، ئێمە هەوڵدەدەین تیپێک دروست بکەین.”
لە کۆتاییدا گوتی،
“تیپەکان نازناوەکان دەبەنەوە، نەک هیچ شتێکی تر، هەوڵدەدەین باشترین یاریزانان و باشترین پێکهاتە بهێنین، بەڵام لە کۆتاییدا لەوانەیە تەنها بە کۆکردنەوەی بەتواناترین یاریزانان و هیواخواستن بەوەی کارەکان سەرکەوتوو بن، بەس نەبێت.”
هەڵبژاردەی ئینگلتەرا لە ئەگەری بردنەوەی لە لاتڤیا لە 14ـی تشرینی یەکەم، و یەکسانبوونی سربیا بەرامبەر ئەلبانیا، بە فەرمی سەرکەوتنی بۆ جامی جیهانی مسۆگەر دەکات.