فیفا لێکۆڵینەوە لە ئاماژەیەکی دەستیی ناوبژیوانێکی ئوسترالی دەکات
لێکدانەوەی جیاواز بۆ ئاماژەی ناوبژیوانەکە دەکرێت

یاریگا –
فیفا لێکۆڵینەوە لە رووداوێکی پەیوەندیدار بە شۆن ئیڤانس، ناوبژیوانی ئوسترالییەوە دەکات، دوای ئەوەی پێش یارییەکەی ئەڵمانیا بەرامبەر کوراساو لە مۆندیالی 2026، ئاماژەیەکی دەستی مشتومڕاویی کرد.
لە گرتەیەکدا دەرکەوتووە کە ناوبژیوانەکەی ژووری ڤار ئاماژەیەکی دەستی کردووە کە بە ئاماژەی ‘باڵادەستی سپیپێستەکان’ دەناسرێت.
لە کاتی ناساندنی ناوبژیوانان پێش دەستپێکی یارییەکە، ئیڤانس کە وەکوو ‘یاریدەدەری ڤار’ کاری دەکرد، لەو کاتەدا، ئەو ناوبژیوانە ئاماژەیەکی دەستیی بە شێوەی ‘OK’ بە پێچەوانەوە دەکات، کە بەگوێرەی هەندێک لێکدانەوە وەکوو هێمایەک بۆ باڵادەستی سپیپێستەکان دادەنرێت.
رۆژنامەی دەیلی مەیل بڵاویکردووەتەوە، چاوەڕوان دەکرێت فیفا لێکۆڵینەوە لە مەبەستی پشت ئەم ئاماژەیەی ناوبژیوانەکە بکات.
هەرچەند رۆژنامە بەریتانییەکە پەیوەندییان بە فیفاوە کردووە بۆ ئەوەی روونکردنەوەی فەرمی لەسەر ئەم بابەتە وەربگرن، بەڵام تاوەکوو ئێستا وەڵامی کۆتایی نەدراوەتەوە.

لێکدانەوە جیاوازەکان
هێمای ‘OK’ بە شێوەیەکی گشتی بۆ ئاماژەکردن بە ‘باشە’ یان ‘رێکەوتن’ بەکاردێت و تەنانەت ئیمۆجییەکی باویشە.
بەکارهێنانی ئەم هێمایە بە شێوەی پێچەوانە و لە خوارەوەی کەمەر، مشتومڕی زۆری دروستکردووە و لیژنەی بەرەنگاربوونەوەی رق و کینە لە ساڵی 2019 رایگەیاند کە ئەم هێمایە بووەتە تەکتیکێکی باوی گاڵتەجاڕی لەلایەن کەسانی توندڕەوی راستڕەوەوە کە وێنەی خۆیان بەو ئاماژەیەوە لە سۆشیاڵ میدیا بڵاودەکەنەوە.
هەروەها ئەم ئاماژەیە لە یارییەکی منداڵاندا بەکاردێت کە هەر کەسێک سەیری هێمایەکە بکات لە خوار کەمەرەوە، سزای لێدانی بەسەردا جێبەجێدەکرێت.



