
یاریگا –
لە یارییەکەی کۆریای باشوور و کۆماری چیک، کورسیە بەتاڵەکانی یاریگا، فیفا دەخاتە دۆخێکی شەرمەزارکەرەوە.
جامی جیهانی 2026 بە میوانداری هەرسێ وڵاتی ئەمریکا، کەنەدا و مەکسیک دەستی پێکرد و بە گویرەی راپۆرتێکی رۆژنامەی دەیلی مەیلی بەریتانی ، فیفا لە یاریی دووەمی قۆناخی کۆمەڵەکانی مۆندیالی 2026، لە نێوان هەڵبژاردەکانی کۆریای باشوور و کۆماری چیک رووبەڕووی دۆخێکی ناخۆش و جێی پرسیار بووەتەوە.
رۆژنامەکە بە ئاماژەدان بە چۆلبوونی بەرچاوی کورسی لە یاریگاکەدا نووسیویەتی ئەمە لە کاتێکدا روویداوە کە جیانی ئینفانتینۆ پێشتر باسی لە پێشوازییەکی “بێ وێنە”ی هاندەران و خواستێکی زۆر بۆ بلیتی مۆندیال کردبوو، هەروەها رۆژنامەکە باس لەوە دەکات مشتومڕ لەسەر نرخی بلیتەکان بووەتە ئاڵنگاری گەورەی میدیایی بۆ فیفا لە رۆژانی دەستپێکی پاڵەوانێتییەکەدا، کە لە مەکسیک سیتیش نائارامی بەخۆیەوە بینیوە.
World Cup embarrassment as hundreds of seats are left empty for South Korea-Czechia… despite FIFA boasting of ‘unprecedented’ demand https://t.co/f8RoxAgy1L
— Daily Mail Sport (@MailSport) June 12, 2026
سەرەڕای ئەوەی دەستەی بەڕێوەبەری تۆپی پێی جیهانی رایگەیاندووە کە سیستەمی فرۆشتنی بلیتەکانی فیفا زیاتر لە 500 ملیۆن داواکاری وەرگرتووە – ژمارەیەک کە دەزگاکە دەڵێت لە مێژووی پاڵەوانێتییەکەدا بێ وێنەیە، بەلام لە یارییەکەی کۆریا و چیک پێدەچوو وانەبێت و یاریگاکە لە شاری گوادالاخارا لە رۆژئاوای مەکسیک بە تەواوی پڕ نەبوو بە وتەی بێژەری یاریگاکە، لە کۆی 45 هەزار و 664 کەس، 44 هەزار و 985 کەس لەیاریگادا ئامادەبوون و نزیکەی 700 کورسی لە شارێکدا کە ژمارەی دانیشتووانی نزیکەی پێنج بۆ شەش ملیۆن کەسە، بەتاڵ بوو.
رۆژنامەکە لە درێژەی بابەتەکەیدا ئاماژەی بەوەشکردووە، فیفا لە چەند هەفتەی رابردوودا ناچار بووە نرخی بلیتی هەر 104 یارییەکەی مۆندیالی 2026 بەشێوەیەکی بەرچاو کەم بکاتەوە، ئەوەش لە هەوڵێک بۆ راکێشانی بینەری زیاتر بۆ یاریگاکانی ئەمریکا و کەنەدا و مەکسیک، ئەمەش هەنگاوێکە کە پێدەچێت پێچەوانەی ئەو بانگەشانەی پێشووی رێکخراوەکە بێت کە دەڵێن خواست لەسەر بلیت بۆ یارییەکان زۆر بەرز بووە.



