
یاریگا –
ئالێكساندەر ئیزاک، هێرشبەری سویدی یانەی لیڤەرپوولی ئینگلیزی دڵخۆشی خۆی بە یەكەم گۆڵی لەگەڵ یانەكەی دەربڕی.
شەوی رابردوو لیڤەرپوول لە یاریگای ئانفیڵدی تایبەت بە خۆی میوانداری ساوسامتنی كرد و یارییەكەشی بە ئەنجامی دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک لێبردەوە، لە میانی یارییەكانی جامی كاراباو.
لە خولەكی 43 ئیزاک یەكەم گۆڵی بە درێسی لیڤەرپوولەوە كرد و پاشان لە خولەكی 76 ئیمانوێل چارلس ئەنجامەكەی بۆ ساوسامتن یەكسانكردەوە و لە خولەكی 85 هوگۆ ئێكیتیكێ گۆڵی دووەمی بۆ رێدز كرد.
Isak off the mark 🎯 pic.twitter.com/UtLx8RMOZe
— Liverpool FC (@LFC) September 23, 2025
لە دوای یارییەكە ئالێكساندەر ئیزاک گوتی:
هەستێكی خۆش بوو كە گەڕامەوە بۆ پێكهاتەی سەرەكی و یەكەم گۆڵم لە ئانفیڵد كرد، هەروەها بردنەوەمان بەدەستهێنا، شەوێكی نایاب بوو.
دەبوو زووتر گۆڵم بكردایە، بەڵام گۆڵەكەم لە سێیەم یارییدا بوو، گرنگترین شت ئەوەیە بەسەر هەمووشتێكدا زاڵبین و خۆمان بۆ یاریی داهاتوو ئامادە بكەین.
متمانەیەكی زۆرم بە تواناكانم هەیە، شتەكان بە باشی دەڕۆن، كاتێک دەرفەتێكم بۆ درووستبوو دەبێت بە باشترین شێوە سوودی لێ وەربگرم، وردە وردە توانای جەستەیی خۆم بۆ دەگەڕێتەوە.
هەستدەكەم لەم وەرزەدا دەتوانم گۆڕانكاریی بۆ لیڤەرپوول درووستبكەم، بارودۆخی جەستەییم وادەكات متمانەم بە تواناكانم هەبێت.
ئالێكساندەر ئیزاک لە مێركاتۆی هاوینەدا بە بەهای 145 ملیۆن یۆرۆ لە ریزەكانی نیوكاسڵەوە پەیوەندی بە لیڤەرپوولەوە كرد.